کوڕ و باوکێک لە کفری بەهۆی تەقینەوەی مین برینداردەبن


رووداو دیجیتاڵ

بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، لەکاتی کۆکردنەوەی ئاسن لە یەکێک لە گۆڕەپانەکانی ئاسن لە کفری، مینێک دەتەقێتەوە و بەهۆیەوە کوڕ و باوکێک برینداردەبن. 
 
عەلی جەمال قەدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە دەوروبەری کاژێر 11:00 بووە، ئەو دوو کەسەی برینداربوون رۆژانە لە گۆڕەپانەکە ئاسن کۆدەکەنەوە. ئەمڕۆ لەکاتی کۆکردنەوەی ئاسن کە مینیشی تێدایە، مینێکی نەتەقیو پێیاندا دەتەقێتەوە و بەسەختی بریندار دەبن. 
 
هەردوو بریندارەکە رەوانەی نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی لە کفری کراون. بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، باوکەکە تەمەنی 41 ساڵانە و کوڕەکەیشی 17 ساڵانە.
 
لە کفری 30 گۆڕەپانی ئاسن هەن کە رۆژانە سێ هەزار تۆن ئاسن لە ناوچەکانی خوارووی عێراقەوە دەبرێنە کفری و لەوێشەوە بۆ سلێمانی دەنێردرێن کە زیاتر لە 600 کرێکار، شۆفێر و بازرگان کاری تێدا دەکەن.