چیرۆکی گیانلەدەستدانی کوڕێک و برینداربوونی باوکی بەهۆی تەقینەوەی مینێکەوە لە کفری
رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی هەینی لەکاتی کۆکردنەوەی ئاسن لە یەکێک لە گۆڕەپانەکانی ئاسن لە کفری، مینێک تەقییەوە و بەهۆیەوە کوڕ و باوکێک برینداربوون، بەڵام دواتر بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە، کوڕەکە گیانی لەدەستدا.
گەیلان عەدنان، شایەتحاڵێکی رووداوەکەیە و دەڵێت: "من لەبەرامبەر ئەوان کاردەکەم، شۆفێری تانکەرم، گوێم لە دەنگێکی بەرز بوو، [وەک] ئەوە نەبوو دەنگی تایە و شت بێت، [دەنگەکە] زۆر بەرز بوو. هاتینە دەرەوە سەیر دەکەین لێرە هاوار دەکەن، کوڕێک قاچێک و سەروچاوی و دەستی لەدەستدا، باوکیشی برینداربوو. نێوانی خۆی [کوڕەکە] و باوکی نزیکەی 20 مەتر دەبوو پێموابێت."
عەلی تارقی 16 ساڵ قوتابی بووە، دوای برینداربوونی، لە نەخۆشخانەی شەهید هەژار لە کەلار بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا. تارق حوسێنی 43 ساڵیش کرێکارە و ئێستا بریندارە، لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی چارەسەری تەندروستی وەردەگرێت و پێویستیشی بە نەشتەرگەرییە.
راید تارق، کوڕی برینداری رووداوەکە، کە ئەویش کرێکارە بە رووداوی گوت: "باوکم کرێکارە و ئاگای لەخۆی نەبوو کە ئەو هاوەنەیان پێدا تەقیوەتەوە. براکەم وێران بوو مرد، باوکم لە نەخۆشخانەیە و دۆخی باش نییە، براکەمان برد بۆ گۆڕستان. حکومەت نە مەعاش دەدات نە پارە دەدات نە یارمەتی خەڵک دەدات. کوا حکومەت!."
علی حوسێن، برای تارق باس لەوە دەکات، "[براکەی کە ئێستا بریندارە] خەڵکی گوڵاڵەیە، ئاوارەیە و لە کفری نیشتەجێیە، کرێکارە و ئێستاش لە نەخۆشخانەی گشتیی سلێمانییە. تەندروستی باش نییە و باری دارایی خراپە. داوا لە خوا و خەڵکی هەرێمی کوردستان و خێرخوازان دەکەین هاوکاریی بکەن."
لە کفری 30 گۆڕەپانی ئاسن هەن کە رۆژانە سێ هەزار تۆن ئاسن لە ناوچەکانی خوارووی عێراقەوە دەبرێنە کفری و لەوێشەوە بۆ سلێمانی دەنێردرێن کە زیاتر لە 600 کرێکار، شۆفێر و بازرگان کاری تێدا دەکەن.
دوای ئەو رووداوە، کارمەندێکی دەزگای مین هۆشداریی لە دووبارەبوونەوەی رووداوی هاوشێوە دەدات. قایمقامی کفریش دەڵێت، کاری ئاسنفرۆشان لەو شوێنە "نایاساییە" و باسیش لە هەوڵەکانیان بۆ دووبارەنەبوونەوەی تەقینەوە لە گۆڕەپانەکە دەکات.
رۆژی هەینی، 2ـی ئەیلوولی 2022، ئاکۆ محەممەد، کارمەندی دەزگای مین لە گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوان هەفتانە سەردانی ئەو گۆڕەپانە دەکەن کە ئاسنی تێدا دەفرۆشرێت و کاسبکارانی ناوچەکە هۆشیار دەکەنەوە. دەشڵێت: "لەگەڵ هێنانی بارە ئاسنەکاندا کە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە دێن، گوللـەتۆپ و هاوەنیش هەیە؛ ئەم پارچە تەقەمەنییانە وەك پارچەی ئاسنی سکراب هەژمار دەکرێن. جاری وا هەبووە بۆمبی 100 کیلیۆییش لەنێو بارەکاندا هەبووە. هەندێک کاسبکار ئێمە ئاگادار دەکەنەوە، بەڵام هەندێکی دیکە هەن پشتگوێی دەخەن بەبێ ئەوەی بیربکەنەوە چەندە مەترسیی هەیە لەسەر ژیانی خۆیان".
شەماڵ نامیق، قایمقامی کفری رۆژی هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوان چەند جارێک لەگەڵ ئەو کاسبکارانەدا دانیشتوون و پێشنیازی شوێنی دیکەشیان بۆ کردوون، بەڵام سوودی نەبووە. گوتیشی: "ئەو کاسبکارانە هیچ مامەڵەیەکی فەرمییان بۆ نەکراوە؛ شوێنەکەیان زێدەڕۆیە؛ ئەو زەوییانەی ئەوانی تێدایە لەسەر رێگەی کفری و کارێز، زەوی کشتوکاڵییە و ناکۆکییان لەسەرە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق".
قایمقامی کفری ئاماژەی بەوەش کرد کە دەکرێت دادگەش رۆڵی خۆی بگێڕێت، چونکە زەوییەکان "زێدەڕۆن و زێدەڕۆییش قەدەخەیە". ئاماژەی بەوەش کرد، کاسبکاران و لایەنی پەیوەندیداریش کە پێشتر رێگەیان داوە جێگیربن لەو شوێنەدا، کەمتەرخەم بوون.
شەماڵ نامیق هەروەها باس لەوەش دەکات کە گۆڕەپانەکە مەترسیی زۆری دروستکردووە، "بەڕاستی ئێمەش نامانەوێت دەستبخەینە نێو قووتی هیچ هاونیشتمانییەکەوە؛ لەگەڵ داواکاری گشتی لەسەرهێڵین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک".