جووتیارێک لە دۆڵی ئاکۆیان نزیکەی 70 جۆر ترێ بەرهەمدەهێنێت

02-09-2021
بەختیار قادر
بەختیار قادر
هەندێک لەو جۆرانەی ترێ کە تەحسین ئیبراهیمی جووتیار بەرهەمی هێناون. وێنە: رووداو
هەندێک لەو جۆرانەی ترێ کە تەحسین ئیبراهیمی جووتیار بەرهەمی هێناون. وێنە: رووداو
نیشانەکردن ترێ دۆڵی ئاکۆیان
A+ A-
 
رووداو - رواندز

لە دۆڵی ئاکۆیان جووتیارێک نزیکەی حەفتا جۆر ترێی بەرهەمهێناوە، دێمی و ئاوین، لە 11 وڵات مێوەکانیان هێندراون و توێژینەوەیان لەسەر کراوە. تەحسین ئیبراهیم لە دۆڵی ئاکۆیانی رواندز ترێکانی بەرهەم هێناوە و دەڵێت، لەگەڵ جۆرەکانی دیکە، تامیان "زۆر جیاوازە".
 
جۆرێک لە ترێکانی تەحسین ئیبراهیم-ی جووتیار ناوی "سوپەر کەمالی"یە، ئەو دەڵێت، ترێکانی "تامیان زۆر جیاوازە لەگەڵ جۆرەکانی دیکەی ترێ، پەشتەکەیان ئەستوورە و پڕ ئاون و بۆ پیشەسازی زۆر نایابن".
 
ئەم جووتیارە لەسەر رووبەری حەوت دۆنم زەویدا چوار ساڵە توێژینەوە لەسەر جۆرەکانی ترێ دەکات و دەیەوێت باشترینیان دەستنیشان بکات کە گونجاوبن لەگەڵ ئاو و هەوای کوردستان.
 
ئەو جووتیارە ئاماژە بەوە دەکات، "ئەو ترێیانەی من توێژینەوەیان لەسەر دەکەم زیاتر لە 80 جۆری ترێیە، بەڵام 25 جۆرم لێ بژاردۆتەوە و لەنێو ئەوانیشدا 12 جۆریان زۆر نایابن بۆ چاندنی لە کوردستان".
 
جووتیارەکە پەلەکانی دار مێوێکی لە جۆری "رتگڵب" لە تورکیاوە هێناوەتە باشووری کوردستان. هێشووی گەورە و پڕ ئاو، بە هەردوو جۆری کەپر و خشۆک بەر دەگرێت.
 
تەحسین ئیبراهیم باس لەوە دەکات، "هەم لە دێمی و هەم لە بەراو دەڕوێن و ترێکە زوو پێدەگات و زۆریش خۆڕاگرە تاوەکو ناوەڕاستی وەرزی زستان دەمێنێتەوە".
 
لە باشووری کوردستان زیاتر لە 100 جۆری ترێ بەرهەم دەهێندرێت، رەشمیری تاوەکو ئێستا لە نایابترینیان بووە و زۆربەی رووبەری رەزەکانی کوردستان لەو جۆرەیانە.
 
بە گوتەی سەلام مستەفا، ئەندازیاری کشتوکاڵی، "لە ماوەی دوو سێ ساڵی رابردوودا زۆر جۆری نوێی ترێ گەیشتوونەتە باشووری کوردستان و حەقە حکومەت کارێک بکات ئەو جۆرە میوانە بکەونە مەشتەلەکانی کوردستان و جووتیاران لێی بچێنن".
 
رووبەری داچێندراوی زەوی لە هەرێمی کوردستان بە بەرهەمە میوەییەکان نزیکەی 500 هەزار دۆنمە، ئاماری دروست نییە لەو رووبەرە چەندی ترێیە.
 
ساڵانە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا نزیکەی 35 هەزار تۆن ترێ ساخ دەبێتەوە، ساڵی رابردوو بەرهەمی خۆماڵیی ترێ 21 هەزار و 683 تۆن بووە، ئەو بەرهەمەشی هاوردە کراوە 11 هەزار و 586 تۆن بووە. ئەمساڵیش هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنەری نزیکەی 30 هەزار تۆن ترێیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە