رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند "پارتی دیموکراتی کوردستان دوێنێ و ئەمڕۆ و هەوڵ دەدەین سبەینێش بەرپرسیارێتیی گەورە لە دۆخی کوردستان و کوردستانییەکان لە هەموو بوارەکان وەربگرین، لەوانەش بواری سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی. بۆچی؟ ئەمە بۆ ئەمڕۆ نییە، ئەمە پاراستنی مێژووی خۆمانە".
فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بانگەشەی هەڵبژاردنی حیزبەکەی لە شەقڵاوە، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی ئەیلوولی 2021 بە فەرمی دەستیپێکرد، گوتیشی "ئەگەر بتەوێت مێژووت بپارێزی، دەبێت ئێستات باش بێت، چونکە مێژوو و جوگرافیا پێکەوە بەستراون. ئەگەر ئەو فیدراڵیەتەی ئێستامان دوێنێ حوکمی زاتی بوو، پاشان بووە فیدراڵیەت".
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، "بیرۆکەی فیدراڵیەت لە شۆڕشی ئەیلوولدا دامەزرا؛ ئەو کاتە بەندە ئەندامی مەکتەبی ناوەندی رێکخستن بووم؛ کادیرێکی پێشکەوتووی حیزب بووم. ئەو کاتە لیژنەیەک دروستکرا لە کۆمەڵێک یاسازان، رەحمەتیان لێ بێت ئیبراهیم ئەحمەد، محەممەد کەریم، شەمسەدین موفتی، جەرجیس فەتحوڵڵا بۆ ئەوە بوو ئەگەر هاتوو حکومەتی عێراق دەستی بە دانوستاندن کردەوە، ئێمە لەسەر فیدراڵیەت دانوستاندن بکەین، نەوەک لەسەر حوکمی زاتی".
فازڵ میرانی گوتیشی، "کەواتە پارتی دیموکراتی کوردستان و بارزانی نەمر ئەو کاتە بیرۆکەی فیدراڵییەتیان هەبوو؛ ئەگەر دوێنێ بە تەنیا بووین، ئەمڕۆ ئەرکی هەموومانە وەکو هێزە کوردستانییەکان ئەمەی ئێستا بپارێزین. پاراستنەکەی چۆن دەبێت؟ کادیر، ئەندام، پێشمەرگە، خێزانی شەهیدەکان، زانا و کەسایەتییەکانی ئێمە بەرگری لە باشییەکانی ئێرە بکەن. هەرگیز داوا ناکەم بەرگری لە خراپییەکانمان بکرێت؛ چاکەکان باس بکەن، ئینجا خراپەکان. پارتی دیموکراتی کوردستان فێرگە بووە؛ قوتابخانە بووە بۆ رەخنە و رەخنە لەخۆگرتن".
ئەو بەرپرسەی پارتی داوایکرد بەربژێر و بەرپرسانی پارتەکەی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا زمانێکی پڕ لە رێز و شارستانییانە بەکاربهێنن و دەڵێت "بۆ ئێمەی پارتی ئەو ئاستە جائیز نییە و دەبێت خۆمان رابگرین. بەرز راگرتنی خۆمان لە وەڵامنەدانەوەی ئەو خەڵکەی کە بە زمانێکی خراپ لەگەڵمان قسە دەکەن، بە بەلاش نەگوتراوە (إذا كان الكلام من فضة فإن السكوت من ذهب) ئەگەر کاردانەوەت هەبێت، ئەوا جیاوازی لەنێوان ئەو و تۆ نامێنێت، واتە هەمیشە دەبێت جیاوازی لەنێوان ئێمە و خەڵکێکی دیکە هەبێت، بۆئەوەی ئەو پێگەیەی هەمانە بیپارێزین".
پێشتر خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، حیزبەکەی لە 32 بازنەی هەڵبژاردن لە 12 پارێزگا بەشداریی هەڵبژاردن دەکات و 52 بەربژێری هەیە.
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵ دەدەن ئەو هێزەی کە هەیانە لە بەغدا بیپارێزن و کورسیی زیاتر بەدەستبهێنن؛ گوتیشی "گەشبینم کە لە هەموو شوێنەکان پارتی ژمارەی کورسییەکانی خۆی دەپارێزێت لە هەندێک شوێنیش گومان لەوەدا نییە کورسیمان زیاد دەکات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ