دەزگای روانگە کۆڕبەندی لاوان لەسەر بێکاری رێکدەخات

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ لە شاری هەولێر دەزگای روانگە کۆڕبەندی لاوان بۆ تاوتوێکردنی کێشەی بێکاری و چارەسەرکردنی بێکاری رێکدەخات.
 
پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند: کۆڕبەندەکە کاژێر 10:00ی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 02-09-2021 دەستپێدەکات، تاوەکو کاژێر 17:30 بەردەوامدەبێت.
 
بڕیارە وەزیرانی بازرگانی و پیشەسازی ، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و چەندین کەسایەتی دیکە بەشداریی لە کۆڕبەندەکە بکەن.
 
نوێنەرانی حکومەت، کونسوڵخانەکان، رێکخراوەکانی لاوان، 38 لاو کە نوێنەرایەتی لاوانی هەرێمی کوردستان دەکەن لە کۆڕبەندەکەدا بەشدار دەبن.
 
بە درێژایی رێوڕەسمەکە سێ پانێڵ سەبارەت بە کەمیی دەرفەتی کار و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەی بێکاریی گەنجان پێشکەش دەکرێت هەروەها  لە چوارچێوەی کۆڕبەندەکە راپۆرتێک ئامادەکراوە سەبارەت بە دۆخی لاوان لە هەرێمی کوردستان. کە لە کۆڕبەندەکە بڵاودەکرێتەوە.
 
هەرێمی کوردستان لەڕووی دانیشتووانەوە هەرێمێکی گەنجە، هەروەها بەپێی راپۆرتێکی دەزگای روانگە، ٪50ی ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستان دەژین تەمەنیان لە خوار 20 ساڵەوەیە، ئەمەش واتە لە دوای دە بۆ بیست ساڵی دیکە، هێزێکی نوێی کار دێتە بازاڕەوە، واتە هەرێمی کوردستان پێویستی بە رەخساندنی دەرفەتی کاری زیاترە.
 
بەپێی راپۆرتەکەی دەزگای روانگە، هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 50 هەزار هەلی کاری نوێیە. ئەمە لەکاتێکدایە، لە چەند ساڵی رابردوو بەهۆی کۆرۆنا و قەیرانی دارایی، هەرێمی کوردستان رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بووەوە لە رووی رەخساندنی دەرفەتی نوێی کارکردن، بەشێک لە کرێکارەکانیش، کارەکانیان لە دەستداوە.
 
ساڵانە 24 هەزار قووتابی لە هەرێمی کوردستان زانکۆ و پەیمانگە تەواودەکەن و بەدوای کاردا دەگەڕێن. لەساڵی 2014 شەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراندنی راگرتووە، هەرچەندە 30 هەزار کۆمپانیای تایبەت لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، بەڵام نەیاتوانیوە دەرفەتی کار بۆ گەنجان بڕەخسێنن. ئەوەش وایکردووە لەگەڵ هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆناش، رێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان لەنێوان ساڵانی 2019 بۆ 2020 لە سەتا 9٪ بۆ 12٪ بەرزببێتەوە.