لە سلێمانى بازگە بۆ "وەرگرتنى سەرانە" دادەنرێ

02-09-2019
خونچە تەها
نیشانەکردن سلێمانی
A+ A-

رووداو- سلێمانی 

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی چەند رۆژێکە سەرقاڵی بەدواداچوونە بۆ چەند بازگەیەکی نوێ کە لە سلێمانی دادەنرێن. بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان زانیارییەکەی پشتڕاستکردەوە و گوتى ئەوانەى سەرقاڵی دانانی ئۆفیسەکان‌ بوون داوای روونکردنەوەمان لێکردن، بەڵام گوتیان تەنیا پارە لە تانکەرەکانى سووتەمەنى وەردەگرین.


کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێ ماوەیەک لەمەوبەر زانیارییان پێگەیشت کە لە نزیک بنکەی هاتوچۆی تاسڵوجە، چەند کەسێک سەرقاڵی دانانی بنکەیەکی دیکەی وەرگرتنی باجن لە ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر و تانکەری نەوت "ئەوەش نایاساییە و رێگەپێدراو نییە".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی پێشەسازی و وزەیە، نیگەرانە لەو حاڵەتە و دەڵێ بەداواداچوون دەکەین و دەبێت بزانین ئامانجى دانانى ئەو ئۆفیسانە چییە، ئایا حکومەت ئاگادارە یان نا".

کەریم عەلی، ئاماژەى بەوەدا کە "پێشتریش لە نزیک تاسڵوجە و کەڵەوانان و عەربەت بنکە و ئۆفیسی لەو جۆرە دانراون بۆ وەرگرتنی سەرانە و باج، بەڵام بە هەوڵ و بەدواداچوونەکانمان رێگریمان لێکردن و وەستاندمان". گوتیشی: "نووسراو ئاراستەی داواکاری گشتی دەکەین، بۆ ئەوەی پێمان بڵێن کێن ئەوانەی دەتوانن ئۆفیس و بازگەی لەو جۆرە دابنێن کە پیشەکەیان تەنیا وەرگرتنی سەرانە بێت؟".

بەپێی یاسا بەرکار و رێگەپێدراوەکان کە لەپەرلەمانی کوردستانەوە دەردەچن، دەسەڵاتی دانانی بازگە و ئۆفیسی لەو جۆرە تەنیا لە دەسەڵاتی وەزارەتی دارایی و ناوخۆیە و دانانی هەر بازگەیەکیش، پێویستی بە رەزامەندی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران هەیە.

جەلال کەریم، بریکاری وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ( رووداو)ی راگەیاند: "وەزارەتی ناوخۆ ئاگای لە دانانی ئەو جۆرە ئۆفیسانە نییە". 

گوتیشى: "دانانى بازگە پەیوەندى بە وەزارەتى ناوخۆوە نییە".

د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانیش بێئاگایە لە دانانی ئەو ئۆفیسانە و لەوبارەوە گوتى: "هیچ شتێکی فەرمی لە ئێمە داوا نەکراوە. پێویستە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار کە وەزارەتی داراییە قسە بکرێت". 

ئۆفیسە نوێیەکە کە وەک ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێ "ژمارەیەک چەکدار بۆ وەرگرتنی سەرانە دایانناوە"، دەکەوێتە سەر رێگای (بازیان – سلێمانی) و لەسەر ئەو رێگا سەرەکییەیە کە دێتە نێو شاری سلێمانییەوە. 

کەریم عەلی دەڵێ: "لە ماوەی رابردوو لە گەرمیانیش سەرانە لە خەڵک وەرگیراوە بە ناوی کۆمپانیای دڵنیاییەوە، بەڵام دوای بەدواداچوونی لایەنی پەیوەندیدار توانرا بە زۆر کارەکەیان بوەستێنن".

بەپێی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران، لە هیچ شار و شارۆچکەیەکی کوردستان بازگەی وەرگرتنی سەرانە نابێت دابنرێت و قەدەغەیە. بۆیە کەریم عەلى دەڵێت: "ئەوە بڕیارشکێنییەکی ئاشکرای حکومەتە و دەبێت لێپێچینەوە بکرێت و نەهێڵدرێت".

بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان نایشارێتەوە کە ئاگاداری حاڵەتی لەو جۆرەیە و بە(رووداو) راگەیاند، دوای ئەوەی لەو بابەتە ئاگادارکرانەوە "داوامان لەو بەڕێزانە کرد کە سەرقاڵی دانانی ئۆفیسەکەن، پێمانگوتن بێنە لامان و رەزامەندی وەربگرن و قسەی لەبارەوە بکەین، بەڵام ئەوان گوتیان پارە تەنیا لە تانکەرەکانى سووتەمەنى وەردەگرین".

نەوزاد نووری مەحموود، بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان هەروەها دەڵێ، ئەوان نەیانتوانی هیچ نووسراوێکی فەرمیش بهێنن کە رێگەیان پێبدات ئەو کارە بکەن و بەردەوامبن لەسەری.

بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان کاتێک زانیویەتی چەکدارەکان بەردەوامن لە کارەکەیان و گوێ بە داواکاریی ئەوان نادەن، پەیوەندی بە سەرۆکی شارەوانی ئەڵڵاییەوە کردووە و داوای لێکردوون بڕۆن لە کابینەی ئۆفیسەکەیان بنووسن نایاساییە "چونکە کابینەکەشیان لەسەر لێواری رێگاکە داناوە کە بەپێی یاسا دەبێت 40 بۆ 50 مەتر دووربێت لە رێگاکەوە".

لە هەرێمی کوردستان چەند بازگەیەکی فەرمی هەن کە دەکەونە دەروازەی شارەکانەوە و ئەوانیش سەر بە وەزارەتی دارایی و ئاسایشن و بە فەرمی کاری خۆیان رادەپەڕێنن. هەرچەندە زۆرجار لەلایەن خەڵکەوە رەخنەش لە هەڵسوکەتی بازگەکان دەگیرێت.

نەوزاد نووری مەحموود، بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان قسەکانی ئەندامەکەى ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێ: "هەمان ئۆفیس بۆ هەمان مەبەست لە بانی مەقان و عەربەت و کەڵەوانان دانرابوون. دوای بەدواداچوون ڕێگەی کارکردنیان لێگیرا و وەستێنران، چونکە بە ئاشکرا پارەیان لەو بارهەڵگرانە وەردەگرت کە کەلوپەل و سووتەمەنی دەگوازنەوە". 
گوتیشی: "ماوەی مانگێکە زانیاریمان پێگەیشتووە لەبارەی ئەو چەکدارانەوە کە ئۆفیسی پارە وەرگرتنیان داناوە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دراوی عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

حکومەتی عێراق بە مەرج مووچەى هێزە ئەمنییەکانى ناردووە

بەگوێرەى بڕیارى ناردنى مووچەى دوو مانگى هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان، هەر تێبینییەک لەلایەن دیوانى چاودێریى دارایی عێراقەوە لەسەر لیستەکە هەبێت، دەبێت حکومەتى هەرێمى کوردستان چارەسەرى بکات. پەرلەمانتارێکى عێراق دەڵێت، "ئەگەر ئەو تێبینییانە چارەسەر نەکرێن، بۆ مانگى داهاتوو کێشە دروست دەبێتەوە."