بیرەوەرییەکانی د.رۆژ؛ ئێرانییەکان دەیانویست هاوشێوەی کەرکووک پاسدار ببەنە موسڵ

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
ساڵح قادر @salihqadr
نیشانەکردن بیرەوەرییەکانی د. رۆژ نووری شاوەیس
A+ A-
رووداو – دیجیتاڵ
 
د. رۆژ نوری شاوەیس دەگێڕێتەوە، لە کاتی شەڕی ئێران و عێراقدا، ئێرانییەکان پلانیان هەبووە پاسدار بگوازنەوە موسڵ و کردەیەک لە دژی سوپای عێراق بکەن، بەڵام سەرکردەیەکی یەکێتی بە نامەیەک پارتی لەو مەترسییە ئاگادارکردووەتەوە. ئەوانیش رێگەیان بە ئێرانییەکان نەداوە لە ناوچە ئازادکراوەکانی بادینان، کە ئەوکاتە لە ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدا بوون، ئەو کارە بکەن.
 
د. رۆژ لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا، کە بە ناوی "گەشتێک بە ژیانی پێشمەرگایەتیم" بڵاوکراونەتەوە ئەو باسەی گێڕاوەتەوە.
 
لە کاتی ئەو داواکارییەی ئێران، سەرۆک مەسعود بارزانی لە بادینان بووە. دوای داستانی بامەڕنێ دەگەڕێتەوە ئێران و بە د. رۆژ دەڵێت لە ناوچەکە بمێنێتەوە، بەڵام بەر لەوەی کاک مەسعود بگاتەوە ئێران، شاندێکی ئێرانی دێنە ناوچە ئازادکراوەکانی بادینان بۆ بینینی، بە مەبەستی بردنی پاسدار بۆ موسڵ و لێدان لە حکومەتی عێراق.
 
د. رۆژ نووری شاوەیس دەڵێت: "کاک مەسعود بە بروسکە هەواڵی پێدام کە بچم بەرەو ناوچەی دۆسکی ژوورو. وەفدەکە بە سەرکردایەتی ئاغای محەممەدی بوو، کە گەیشتمە ئەوێ لە کۆبوونەوەدا بوون. ئێمە لە پێشمەرگایەتی ئەوەمان نەبوو لەگەڵ کەسێک بە تایبەتی تەوقە بکەی جار هەر کەسێک بێت، هەروەک نەریتی پێشمەرگایەتی لە یەکەم کەس دەستمپێکرد، ویستم دابنیشم کاک مەسعود بانگی کردمە تەنیشتی خۆی، هەر من دانیشتم ئاغای محەممەدی دەستیکرد بە بۆڵە بۆڵ و چووە دەرەوە، کاک مەسعود زانی تووڕە بووە، بەس نەیزانی لەسەر چی، بۆیە پرسیاری کرد، گوایە کە من چوومەتە ژوورەوە سووکایەتم پێیکردووە و یەکەم کەس تەوقەم لەگەڵ ئەو نەکردووە. پێشتریش پێیگوتراوە گوایە من دژی ئیسلام و ئێرانییەکانم. کاک مەسعود پێیگوت ئێمە لە پێشمەرگایەتی هەر بەو شێوەیە سڵاو دەکەین، هەر چۆنێک بوو هاتەوە نێو دانیشتنەکە."
 
وەک د. رۆژ دەیگێڕێتەوە بەرپرسە ئێرانییەکە کە هاتەوە، باسی چەند شوێنێکی کرد لە موسڵ کە دەیانەوێت بیگرن، پێشمەرگەش هاوکاریان بێت، کاتێک بە بەرپرسەکەیان گوتووە ئەو ناوچانە بە قوربانییەکی زۆر ئازاد کراون، کەچی ئەو دەیگوت: "ئەم شاخانە نرخی نییە، ئێوە دۆستی ئێمەن دەبێت هاوکاریمان بکەن،" بەڵام نەیدەگوت بۆچی و لەبەرچی.
 
فەرەیدوون عەبدولقادر بۆ د. رۆژ: ئاگاداری پلانی ئێرانییەکان بن
 
د. رۆژ باس لەوە دەکات بەر لەوەی بچێت بۆ لای کاک مەسعود، نامەیەکی فەرەیدوون عەبدولقادری لە رێگەی ئازاد هەورامییەوە پێگەیشتبوو. ئەو هێزەی یەكێتی لە بادینان جێگیرکرابوون، بە سەرکردایەتی ئازاد هەورامی بووە. د. رۆژ دەڵێت: "ئازاد کوڕێکی هێمن و لەسەرخۆ و تێگەیشتوو بوو، قسە و گفتوگۆی لەگەڵ دەکرا."
 
سەبارەت بە ناوەڕۆکی نامەکە، د. رۆژ دەڵێت: "لە نامەکەدا بۆی نووسیبووم کە ئەنفالی گەرمیان چۆن روویدا، ئاگاداری کردبوومەوە لە ناوچەی بادینانیش ئاگاداری ئەوە بین. نووسیبووی: 'ئێرانییەکان ئێمەیان تووشی گرفتی گەورە کرد، وایانلێکردین چەند پاسدارێک بگەیێنینە نزیک بیرە نەوتەکانی کەرکووک و لەوێوە یەک دوو هاوەنیان گرتە بیرە نەوتەکان. پاشان کشانەوە و بەجێیانهێشتین و ئەو خەڵکە تووشی ئەنفال بوو، ئێرانیش پشتی لە ئێمە و لە خەڵکەکە کرد، هیچیان بۆ نەکردین، چەکێکشیان نەداینێ، بۆیە ئێوە ئاگاداری خۆتان بن لە شتی وا، لەوانەیە لەوێش هەوڵی وا بدەن'."
 
شاندە ئێرانییەکە ئامانجیان بووە هەمان سیناریۆی کەرکووک لە موسڵ دووبارە بکەنەوە. ئەو کەسەشی لە موسڵ کاری بۆ ئێرانییەکان دەکرد، کەسێک بووە بەناوی عەباس شەبەکی. بە گوتەی د. رۆژ،  "ئەو کەسە پیاوی عێراق، سووریا و لیبیا و هەموو لایەک بووە، وەکو زۆر کەسی دیکەش زوو پارتی بووە."
 
ئەو دەستەواژەیەی ئاغای محەممەدی تووڕە کرد
 
د. رۆژ نووری شاوەیس دەڵێت: "من گفتوگۆیەکی زۆرم لەگەڵ ئاغای محەممەدی کرد، کە ئەو ناوچەیە دەبێتە گۆڕەپانی شەڕ، دەبێت ئێوە چەک و ئازووقەمان بۆ دابین بکەن، سنوور بە تەواوی بە رووی پێشمەرگە و پەنابەراندا بکەنەوە. بەهۆی شاڵاوی ئەنفالیشەوە پەنابەرێکی زۆر رووی لە چیا و ئەشکەوتەکان کردووە، دەبێت چارەسەرێک بۆ گوزەرانیان بدۆزرێتەوە. من چەند ئەو قسانەم دەکرد، ئەو هەر قسەی خۆی دەکرد، رووم لە کاک مەسعود کرد و گوتم ئەو کابرایە (کەڕە) گوێی لە قسەی ئێمە نییە، هەر خەریکی ئەوەیە خۆی چی بوێت تەنیا ئەوە دەڵێت.. رای کاک مەسعودیش هەر وابوو، بەڵام چووبوون پێیانگوتبوو کە (دکتۆر رۆژ دەڵێت: ئەو پیاوە کەرە...) دیسان کابرا بەلەسە بووەوە و هێنایانەوە."
 
کاک مەسعود داوا لە د. رۆژ دەکات، بەرپرسە ئێرانییەکە لەگەڵ خۆی بباتە بارەگای لق و لە ناوچەکە بیگێڕێت، دواتر گفتوگۆی لەگەڵ بکەن.  د. رۆژ دەڵێت: "لە ناوچەی رێکانیان شەو لە ماڵێک ماینەوە، ئاغای محەممەدیش لەوێ مایەوە. بەیانی کە هەستاین چاوەڕێ بووین چایەک بخۆینەوە، کەچی وەک جەژن سفرەیان راخست و نانی جەژنیان هێنا. ئاغای محەممەدی ئەوەی بەلاوە زۆر سەیر بوو، هەر پرسیاری دەکرد. ئەو وای دانابوو ئێمە بەسەر ماڵاندا دەدەین و راوڕووت دەکەین، بەڵام لەوێ بە چاوی خۆی بینی، کە ئێمە تا چ راددەیەک نامانەوێ خەڵک ئەزیەت بکێشن، خەڵکەکەش چەند خۆشیان دەوێین و رێزمان دەگرن، ئەوەش لە دڵیدا بووە گرێ و خەم و خەفەت."
 
دوای ئەوەی بەرپرسە ئێرانییەکە دەگاتە بارەگای لق و شەو لەوێ دەمێنێتەوە بۆ رۆژی دوایی داوا دەکات بەرپرسانی ئەوێ ببێنێت، د. رۆژ هەموویان کۆدەکاتەوە بۆ ئەوەی ئاغای محەممەدی قسەیان بۆ بکات.
 
 د. رۆژ دەڵێت: "ئاغای محەممەدی هەر لە خۆیەوە گوتی، جمهووری ئیسلامی پشتیوانی ئێوەیە و ئێمە بە یەک چاو سەیری هەمووتان دەکەین، بۆ هەر کوڕی بەرپرسان بچن لە دەرەوە بخوێنن! شتی سەیری لەو جۆرەی دەگوت. ئەو کاتە کوڕی هیچ بەرپرسێک نەنێردرابوو بۆ هیچ جێیەک، چەند زمالەیەک هەبوون، یەکەمەکانی پەیمانگەی کادیرانمان ناردن، بەڵام ئەو هەر دەیویست ئاژاوە دروست بکات، کە دەیبینی خەڵک رێزمان لێدەگرێت."
 
د. رۆژ باسی کاردانەوەی خۆی بەرامبەر قسەکانی بەرپرسە ئێرانییەکە دەکات و دەڵێت: "حامید سووری وەرگێڕانی بۆ قسەکانی دەکرد، پێیمگوت پێی بڵێت، قسەکانی بە دڵی پێشمەرگەکان نین، ئاغای محەممەدی ئەوەشی لە دڵیدا هەڵگرت."
 
دواتر ئاغای محەممەدی دەگەڕێتەوە لای کاک مەسعود لە میرۆز. د. رۆژ دەڵێت: "لەوێ کەپرێک هەبوو، من و دکتۆر جەرجیس و کاک هۆشیار و کاک سیداد لەوێ نووستین و کاک مەسعودیش نزیکی ئێمە بوو. لەوێش باسی (کەرەکە)ی لەگەڵ کاک مەسعود کردبووەوە و کاک مەسعود پێیگوتبوو خۆی گوێی لێ بووە، کە من گوتوومە گوێی لێ نییە و نابیستێ، نەک کەرە. ئینجا چوو بوو گوتبووی بارێک پارەم هێنابوو بتاندەمێ، بەڵام مامەڵەی خراپتان لەگەڵ من و جمهووری ئیسلامی کردووە، بۆیە ناتاندەمێ."
 
"ئاغای مەتەڕی"
 
د. رۆژ هەر لەبارەی ئەو پیاوە دەڵێت: "ئەو کابرایە ئەو کەسە بوو کە لەدوای دامەزراندنی حکومەتی هەرێم و پەرلەمان و شەڕی ناوخۆش روویدا، هاتە کوردستان. هاتە هەولێر و چووە سلێمانی، ئەو رۆژە کە هاتبوو لە سلێمانی کەمێک باران باریبوو، مام جەلال نازناوی (ئاغای مەتەڕی) پێدا."
 
هەروەها دەڵێت: "کابرایەکی زۆر قین لە دڵ بوو، شێت دەبوو کە دەیبینی خەڵک ئێمەی خۆشدەوێت. تاوەکو شەڕی ئێران و عێراق وەستا ئەو کابرایە دووژمنایەتی پارتی دەکرد، لە ناو پارتیشدا زۆر بە من قارس دەبوو و تێکدەچوو. جار هەر کۆبوونەوەیەکیش ئەوی تێدابووایە کاک مەسعود منی بانگ دەکرد، هەر بۆ ئەوەی پێشانی بدات، کە ئێمە هیچمان لەگەڵیدا نییە."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە