خوێندکاران لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی زانکۆ و قوتابخانەکان بەدوای دەرفەتی خوێندنی باڵا دا دەگەڕێن

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
دیمەنێکی پێشانگەکە.
دیمەنێکی پێشانگەکە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پێشانگەی نێودەوڵەتیی زانکۆ و قوتابخانەکان لە هەولێر کراوەتەوە و 80 قوتابخانە، زانکۆ، پەیمانگە و کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان و نزیکەی حەوت وڵاتی دیکەوە بەشداری ئەم خولەی پێشانگەکەن. بڕیارە پێشانگەکە تاوەکو 4ـی ئەم مانگە بەردەوام بێت. 
 
ئەوانەی لە سەرەتای ڤیدیۆیەکەدا دەردەکەون خوشک و بران. دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ و بڕوانامەی بەکالۆریۆس، ئەمجارە بیریان لەوە کردووەتەوە ماستەر بخوێنن، بەڵام دەیانەوێت ماستەرەکەیان لە زانکۆیەکی دەرەوەی کوردستان وەربگرن. لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی زانکۆ و قوتابخانەکان بەدوای ئەم دەرفەتە دا دەگەڕێن. 
 
بارزان حەیدەر، یەکێکە لە سەردانیکارانی پێشانگەکە و دەڵێت: "ئەگەر ویستت هەبوو، واباشە بخوێنیەوە، جا گرنگ نییە لە هەر کوێ بێت، تورکیا، قوبرس، ئەڵمانیا یان بەریتانیا. هەرچەندە بەرەو ئەولا بڕۆی باشترە، بەڵام تێچووی زیاتری دەوێ، بۆیە ناچارین بەدوای هەرزانەکە دا بگەڕێین. هەم زیارەتە هەم تیجارەت، هەم وڵاتی دیکە دەبینی و لە کولتووریان شارەزا دەبیت و لە خوێندنەکەیان شارەزا دەبیت، هەم سوودی لێ دەبینی و بڕوانامەکە وەردەگری." 
 
یەکێک لە کۆمپانیا بەشدارەکان لە پێشانگە، بریکاری 60 زانکۆی تورکی و قوبرسین و یەکەم ساڵە لە پێشانگەکە بەشدارن. پەسندی خوێندن، دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و وەرگرتنی ئیقامە لە ئەستۆ دەگرن بۆ هەر خوێندکارێک کە لە تورکیا یان قوبرس بیەوێت بخوێنێت.
 
عەلی سۆمەر ئۆغلۆ، بەڕێوەبەری کۆمپانیاکەیە و دەڵێت: "بەوپێیەی هەرێمی کوردستان لە رووی ئیدارییەوە سەر بە عێراقە، خوێندکارە عێراقییەکانیش لە باشترین ئەو خوێندکارانەن کە لە تورکیا دەخوێنن و بەشێوەیەکی گشتی لە نێوان پلەی سێیەم و چوارەمینەکاندان. هەروەها لە هەندێک زانکۆ دا خوێندکاری عێراقی هەبووە پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، سەبارەت بە خوێندکارانی کورد لە تورکیا، ئەوان بەشێوەیەکی بەرچاو ژمارەیان لە خوێندکارانی عەرەبی عێراقی زیاترە."
 
لەولاترەوە کۆمپانیایەکی دیکە بە ئاڵای چەند وڵاتێکی ئەورووپا سەرنجی سەردانیکاران رادەکێشێت. مامۆستا هەوراز 8 ساڵە لە هەرێمی کوردستان گەنجان فێری ئەڵمانی دەکات و بە خواستی خۆیان دەرفەتی خوێندن و کارکردنیان لە ئەڵمانیا، سویسرا و نەمسا بۆ دەدۆزێتەوە. ئێستا 120 فێرخوازی هەیە و پێشبینی دەکات پێشانگەکە بەلایەنی کەم 50 فێرخوازی دیکەی بۆ زیاد بکات. 
 
هەوراز پیرۆ، خاوەنی کۆمپانیاکەیە و  دەڵێت: "هەر کەسێک کە زانکۆی تەواو کردووە یان پەیمانگەی دوو ساڵی، ئێستا لە 1-6 یاسایەکی تازە هاتووە ئەوەی پەیمانگەی تەواو کردووە دوو ساڵ و بەلایەنی کەم دوو ساڵ ئەزموونی هەبێت لەسەر ئەو ئیشەی کە لە پەیمانگە فێربووە، مافی هەیە بڕواتە ئەڵمانیا بۆ کارکردن، ئێمەش ئاسانکاری بۆ دەکەین. پەڕاوەکانی هەموو دەنێرینە ئەڵمانیا و بۆی رێکدەخەین، ئیشی بۆ دەدۆزینەوە و پەڕاوەکانی بۆ کۆنسووڵخانە دەنێرین تا ڤیزا وەربگرێت و بڕوات."
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە