بەهۆی کۆبوونەوەی زبڵ و خاشاک دەروازەی 5 قەزا و 6 ناحیەی سنووری سۆران بوونەتە زبڵدان

 
رووداو - سۆران

کەڵەکەبوونی زبڵ و خاشاک رۆژ بە رۆژ لەسەر رێگەی گشتیی نێوان سۆران - رواندز بەرزتر دەبێتەوە و رۆژانە زبڵ و پاشماوەی سنووری پێنج شارەوانیی لێ فڕێدەدرێت، کە شوێنی فڕێدانی زبڵ و خاشاکەکە نزیکە لە ئاوەدانی و بۆنی ناخۆشی پاشماوەکان دەگاتە ماڵی هاونیشتمانییان.
 
هەژار ماهیر، بەرپرسی فەرمانگەی ژینگەی سۆران دەڵێت، "ئەم زبڵ و خاشاکە جگە لەوەی نزیکە لە ئاوەدانیی دوو قەزا، هاوکات نزیکە لە سەرچاوەی ئاوی سۆران و رواندزیش. لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەر تاکێک زیاتر لە یەک کیلۆ و نیو پاشماوەی هەیە و هەموو ئەو پاشماوانەش بە شێوەی زۆر ناشارستانی ژێر خاک دەکرێن. شوێنی ئەم زبڵ و خاشاکە دوورە لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی و تەندروستی و دەبێت بە شێوەیەکی خێرا چارەسەر بکرێت."
 
دەروازەی پێنج قەزا و شەش ناحیەی ئەو سنوورە بوونەتە زبڵدان. لە مێرگەسۆر و سیدەکان لەسەر رێگەی گشتی و لەنێو سنووری شارەوانییەکان زبڵ و پاشماوەکان کۆدەکرێنەوە.
 
23 شارەوانی لە چاوەڕوانیی تەواوبوونی کارەکانی کارگەی ریسایکلینن، کە ئێستا کارە سەرەتاییەکانی دەستپێکراون.
 
خەسرۆ ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران رایگەیاند، "لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران کۆمپانیایەک راسپێردراوە بە دانانی کارگەی ریسایکلین، دوا بەدوای کۆتاییهاتن بە قۆناخی قیرکردنی رێگەی کارگەکە، بەردی بناخەی کارگەکە دادەنرێت و 11 شوێن لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کە زبڵ و خاشاکیان ئێستا لێ کۆدەکرێتەوە، بە دروستکردنی کارگەکە زبڵی ئەو شوێنانە هەمووی دەهێندرێتە کارگەکە و ریسایکلین دەکرێت."
 
لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سۆران، رۆژانە 300 تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە، کە مانگانە دەکاتە 9000 تۆن.