هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی شنگال خاوبووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە کۆی 119 گۆڕی بەکۆمەڵ لە سنووری شنگال تەنیا 50یان هەڵدراونەتەوە. بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئیزدییان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان دەڵێت، راگرتنی کارەکانی یونیتاد پڕۆسەکەی خاو کردووەتەوە.
 
ئەمڕۆ هەینی 2ی ئابی 2024 سعود مستۆ، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدییان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "لە کۆی 119 گۆڕی بەکۆمەڵی سنووری شنگال، تەنیا 50یان هەڵدراونەتەوە."
 
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدییان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان گوتی، لەو 50 گۆڕەی هەڵدراونەتەوە 600 تەرم هەبوون و لەو ژمارەیەش 264 تەرم گەڕێندراونەتەوە و ئەوانی دیکە لە بەغدان و هێشتا پڕۆسەی پشکنینی DNAـیان تەواو نەبووە.
 
سعود مستۆ ئاماژەی بەوەش کرد، "راگرتنی کارەکانی یونیتاد، پڕۆسەی دۆزینەوە و هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو خاو کردووەتەوە، چونکە تیمە عێراقییەکان ئامێری پێشکەوتوو و کەرەستەی پێویستیان لە بەردەست نییە و ناتوانن ئەو پڕۆسەیە بەباشی بەڕێوەببەن."
 
تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش و لێپرسینەوە لە تاوانکاران ناسراو بە یونیتاد، لە ساڵی 2017 لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان لە داعش پێکهێندرا.
 
یەکێک لە کارەکانی یونیتاد هاوکاری تیمە عێراقییەکان بوو لە پڕۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی سەردەمی داعش.
 
لەسەر داوای حکومەتی عێراق، رۆژی 15-09-2023، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە کۆی دەنگ بڕیاریدا کە لە ساڵێکدا کۆتایی بە کارەکانی یونیتاد بهێنێت.