فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەجیا لەگەڵ سوودانی کۆدەبنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سبەی فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبنەوە.
 
رێبوار تەها، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سبەی لەگەڵ فراکسیۆنی بابیلۆن، لە بەغدا لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبنەوە.
 
هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەک بە رووداوی گوت، سبەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری بەغدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکە دەبێت.
 
لە دوو هەفتەی رابردوودا سوودانی بە جیا لەگەڵ ئەندامانی تورکمان و عەرەبی پارێزگای کەرکووک کۆبووەتەوە و جەختی لەسەر ئەوە کردوەتەوە کە نابێت هیچ پێکهاتەیەک لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک بێبەش بکرێت.
 
18ی کانوونى یەکەمى 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق و کەرکووک کرا.
 
لە 28ى كانوونى 2024دا ئەنجامى کۆتایی لەلایەن دەستەى دادوەرى هەڵبژاردن پەسند کرا، بەڵام بەهۆى رێکنەکەوتنى لایەنەکانەوە تاوەکو ئەمڕۆ نەتواندراوە حکومەتی خۆجێیی کەرکووک پێکبهێندرێت.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 16 ئەندام پێکهاتووە؛ یەکێتی 5 کورسی، پارتی 2 کورسی و کۆتای کریستیانیش نزیکە لە یەکێتی 1 کورسی هەیە. هەروەها پێکهاتەی عەرەبی 6 کورسی و تورکمانیش 2 کورسی هەیە.