لە گوندێکی سنووری قەزای خەلیفان کچێکی تەمەن 15 ساڵ خنکا

 
رووداو - خەلیفان

لە گوندی (ساوا) لە سنووری قەزای خەلیفان کچێکی تەمەن 15 ساڵ خنکا. بەگوێرەی زانیارییەکان ئەو کچەی خنکاوە لەگەڵ سێ خوشکی دیکەی چوونەتە سەر ئەو رووبارەی بەنێو گوندەکەدا تێدەپەڕێت، ویستوویانە مەلەوانی بکەن و یەکێکیان خنکاوە.
 
ئەو کچەی خنکاوە ناوی لانە حەمەدەمینە، دوای ئەوەی چووەتە قووڵایی رووبارەکە بەمەبەستی مەلەوانی، خنکاوە.
 
دکتۆر کاروان شێرزاد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی خەلیفان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەو کچەی کەوتبووە رووبار گەیێندرایە نەخۆشخانەکەمان، بەڵام بەر لە گەیشتنی بە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدابوو. خوشکێکیشی هەر بەهۆی کەوتنە نێو رووبارەکە تووشی تەنگەنەفەسی ببوو، چارەسەریمان پێدا."
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی خەلیفان ئاماژەی بەوەش کرد، تەرمی کچە خنکاوەکە رەوانەی دادپزیشکی سۆران کراوە.
 
لە سنووری سۆران 1000 کیلۆمەتر رووبار هەیە، ئەم ساڵ لەو سنوورە 12 کەس لە ئاوی ئەو رووبارانەدا خنکاون.