دژەتیرۆری سلێمانی: تیرۆریستێکمان دەستگیرکرد
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆری سلێمانی رایگەیاند کەسێکیان بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیرکردووە، ک خەڵکی پارێزگای سەڵاحەدینە و لە یەکێک لە قەزاکانی پارێزگای سلێمانی خۆی شاردبووەوە.
رۆژی هەینی، 02-08-2024 بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆری سلێمانی رایگەیاند: "لە درێژەی کار و چالاکییەکان بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و سەروماڵی ھاوڵاتییان، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆر لە قەزای چەمچەماڵ تیرۆرستێکی دەستگیر کرد."
بەپێی راگەیێندراوەکە. تۆمەتبارەکە ناوی (ل. ێ. ع)ـە و لەدایکبووی ساڵی 1981ـە، لە بنەڕەتدا خەڵکی پارێزگای سەڵاحەدینە و لە قەزای چەمچەماڵ خۆی شاردبووەوە.
دژەتیرۆری سلێمانی رایگەیاندووە: "ئەو کەسەی دەستگیرکراوە پێشینەی کاری تیرۆرستیی ھەبووە لەناو رێکخراوی تیرۆرستیی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، توانرا لە ئۆپەراسیۆنێکدا لەلایەن ھێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر CTGـەوە دەستگیربکرێت."