لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە روها پێنج منداڵ گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگای روهای باکووری کوردستان لە رووداوێکی هاتووچۆدا پێنج منداڵ گیانیان لەدەستدا و سێ کەسیش بریندار بوون کە سەرجەمیان ئەندامی یەک بنەماڵەن.
 
رووداوەکە کاژێر 21:30 خولەکی شەوی پێنجشەممە، 1ـی ئاب لە نزیک باخی ئەیوبییە لە ناوەندی شاری روها روویدا.
 
ئۆتۆمبێلێک لە کۆنترۆڵ دەرچوو و خۆی بەو خەڵکەی لەسەر شۆستەکە دا بوون کێشا و دواتر خۆی بە دوو ئۆتۆمبێلی دیکەدا کێشا. 
 
حەسەن شڵداک، پارێزگاری روها رایگەیاند، دوو منداڵ لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستداوە و شەش برینداریش گەیێندراونەتە نەخۆشخانە، بەڵام سەرەڕای هەوڵی پزیشکەکان، سێ منداڵی دیکە لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە. 
 
چارەسەری سێ بریندار لە نەخۆشخانە بەردەوامە؛ یەکێکیان منداڵێكی تەمەن 12 ساڵە، تەندروستیی یەکێک لە بریندارەکان ناجێگیرە. 
 
ئەو منداڵانەی لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە، سیانیان خوشک و بران و تەمەنیان لە نێوان پێنج بۆ نۆ ساڵانە. دووانەکەی دیکەش ئامۆزایانن.
 
لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە، هەوڵەکانیش بۆ دەستگیرکردنی شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بەردەوامن، کە دوای رووداوەکە هەڵاتووە.