عێراق هاوکارییەکانی بۆ ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان سنووردار کردووە؛ وەکو گوشارێکە بۆ گەڕانەوەیان

 
رووداو - هەولێر

کەشوهەوای گەرم و کەمیی کارەبا و خزمەتگوزاری، تەنگی بە ئاوارەکان هەڵچنیوە. کەمپی حەسەن شام لە رۆژئاوای هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، تایبەتە بە ئاوارەکانی عێراق، ئاوارەیەک دەڵێت، "دۆخمان وەکو زبڵخانەیە" و خزمەتگوزارییەکانیان بەشێوەی ئەوتۆ نین.
 
کاتێک تیمی رووداو گەیشتە کەمپەکە کارەبا نەبوو، دایکی محەممەد و کچە نەخۆشەکەی لەژێر خێوەتێکی کەمپەکە حاڵیان پەرێشان بوو. رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو دەڵێت، تەنیا 10 خولەک لەلایان ماوەتەوە و هەستی بەوە کردووە کە کارەبایان نییە، لە چ ژیانێکدا دەژین.
 
دایکی محەممەد، ئاوارە دەڵێت، "چاوی لەدەستداوە؛ کاتێک گەرما و بێ کارەبایی دەبێت، چونکە چاوی عەدەسەیە و نەشتەرگەریی بۆ کراوە، تووشی هەوکردن دەبێت."
 
کاتی هاتنەوەی کارەبا خۆشترین کاتە لای منداڵان و لەخۆشیا هاوار دەکەن؛ گەورەکانیش هەموو رێگەیەک بۆ پاراستنی منداڵەکانیان لە تینی گەرما بەکاردەهێنن.
 
دایکی رەبیع لە کاتی شەڕی داعشەوە لە موسڵەوە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بووە و دەڵێت، "دۆخمان خراپە، دۆخمان لەژێر سفردایە، دۆخمان وەکو زبڵخانەیە، کارەبا نییە، ئاو نییە، گوزەران زۆر قورسە، هیچمان بۆ ناهێنن، کۆچ و کۆچبەران بەرپرسیارە."
 
لەم وەرزەدا لە کەمپەکان کڕینی بەفر بۆ ئاوی سارد بازاڕی گەرمە. بۆ باشکردنی دۆخی ژیانیشیان، ئاوارەکان بانگەواز بۆ هەموو لایەک دەکەن.
 
ئێستا بەگوێرەی ئەو گازەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەینێرێت، ئاوارەکان لە شەو و رۆژێکدا لەنێوان چوار بۆ 12 کاژێر کارەبایان هەیە. ماوەی دوو ساڵە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران هاوکارییەکانی بۆ ئاوارەکان زۆر سنووردار کردووە، ئەوەش وەکو گوشارێک بۆ گەڕانەوەیان.
 
شاڵاو کاوێس، بەڕێوەبەری کەمپی حەسەن شام دەڵێت، "بەداخەوە دۆخی ژیانی ئەو خەڵکە زۆر زۆر خراپە، چونکە ئاستی هاوکارییەکان زۆر زۆر کەمبووەتەوە، بە رێژەی 90% دابەزیوە، بەڕاستی ئەگەر وابڕوات چاوەڕوانی کارەسات دەکەین."
 
ئێستا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 664 هەزار ئاوارە هەن، 490 هەزاریان لە دەرەوەی کەمپەکانن و زیاتر لە 174 هەزار ئاوارەش لە 25 کەمپ نیشتەجێن، ئەو ئاوارانە بەهۆی شەڕی داعشەوە زێدی خۆیان جێهێشتووە و تائێستاش بە هۆکاری ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئەمنی نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە.