هادی عامری بۆ رووداو: لە کەرکووک گەیشتووینەتە چارەسەری بەشێکی کێشەی جووتیارانی کورد و تورکمان

 
رووداو - کەرکووک

زیاتر لە دوو مانگ تێدەپەڕێت بەسەر مانگرتنی جووتیارانی کورد و تورکمان. داواکاریی جووتیاران هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی رژێمی پێشووە لەسەر زەوی و زارەکانیان؛ دوای ئەو ماوەیە جووتیاران دەڵێن، "هەندێک بەدەمەوەچوونی داواکارییەکانیان هەبووە،" بەڵام هێشتا عەرەبی هاوردە و سوپا هەر چاویان لەوەیە ببنە بەربەست لە بەدیهێنانی خواستەکانیان.
 
لە ماوەی مانگرتنیان، زۆر بەرپرس و لایەن پشتیوانی جووتیاران بوون، جگە لە پارێزگاری بە وەکالەت کە بە ئاشکرا دژایەتیی کردوون.
 
ساتح ناسیح، نوێنەرانی جووتیارانی کورد و تورکمان لە کەرکووک دەڵێت، "63 رۆژە مانگرتنمان راگەیاندووە و داواکاریمان گەڕاندنەوەی یەک ملیۆن و 200 هەزار دۆنم زەوییە. بەشێکی داواکارییەکانمان بەرەو جێبەجێکردن دەچن. پارێزگار ئامادە نەبوو وەڵاممان بداتەوە."
 
هادی عامری، سەرۆکی لیژنەی مادەی 140 سەردانی کەرکووکی کرد و تەوەرێکی سەردانەکەی دیداری جووتیاران بوو. دوای گەیشتنی هادی عامری بۆلای جووتیاران، نوێنەرانی جووتیاران دەقی داواکارییەکانیان گەیاندە دەستی.
 
هادی عامری ئاشکرا و روون بە جووتیارانی راگەیاند، هەوڵی سەرەکی دەدات بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی رژێمی پێشوو لەسەر زەوی و زاری جووتیارانی کورد و تورکمان.
 
هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح و لیژنەی جێبەجێکردنی مادەی 140 بە رووداوی گوت، "یەکەم، ئێمە هاتین بۆ کەرکووک بۆ بەدواداچونی کێشەکان، بەتایبەت خاوەن زەوی و زارەکان و کێشەی راستەقینەیان و مانگرتنیان؛ گەیشتووینەتە چارەسەری بەشێکی، لەگەڵ بەڕێز پارێزگار پشتیوان بە خودا تازەگەری دەبێت."
 
رووداو پرسیاری لە هادی عامری کرد، "پێش ماوەیەک هەندێک بڕیار دەرچوون لە مادەی 140ـەوە، بەڵام لە کەرکووک ئەو بڕیارانە جێبەجێ ناکرێن، قسەی ئێوە چییە لەسەرئەوە؟" ئەویش لە وەڵامدا گوتی، "نا، نا؛ پابەند دەبن، پابەند دەبن و، جێبەجێ دەبێت پشتیوان بە خودا."
 
جووتیارانی کورد و تورکمان چاوەڕوانی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەن کە لە لیژنەی مادەی 140 بە نووسراو دەرکراون، هاوکات لەگەڵ دوایین بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، کە ئاراستەی پەرلەمان کراوە تاوەکو پەسند بکرێت، هەردوو بڕیاری لیژنەی ناوچەی باکوور و ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی سەردەمی بەعس هەڵبوەشێنەوە.
 
حوسێن مەردان، نوێنەری جووتیارانی تورکمان گوتی، "ئامادەبوونی حاجی عامری بۆ ئەوەیە بەڕێز پارێزگاری کەرکووک و فەرمانگەکانی دەوڵەت پێویستە گرێبەستەکان تازە نەکرێنەوە، ئەم زەوییانە بۆ خاوەنی راستەقینەی پێشووی بگەڕێنەوە، لەسەر وەزارەتە پەیوەندیدارەکان پێویستە لیژنە پێکبهێنن؛ بۆچی کارەکان دوادەخەن؟"
 
زیاتر لە یەک ملیۆن و 200 هەزار دۆنم زەویی کورد و تورکمان کێشەی لەسەرە، دوو بڕیاری رژێمی پێشوو ئەو کات کورد و تورکمانی بێبەش کرد لە زەوی و زارەکانیان؛ ئێستاش جگە لە بەردەوامیی کێشەکان، بەشێک لە زەوی و زارەکان لەلایەن هاوردەکانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت.