رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی تەندروستیی شاری دێلران لە پارێزگای ئیلام دەڵێت، 50 کەس بەهۆی گەرماوە نەخۆش کەوتوون و سەردانی نەخۆشخانەی سەرەکی ئەو شارەیان کردووە. بەپێی راپۆرتی کەشناسی، رۆژی رابردوو پلەی گەرما لە دێلران 51 پلەی سیلیزی بووە.
غوڵامڕەزا مەنسووری، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شوهەدای شاری دێلران، ئەمڕۆ چوارشەممە 2-8-2023 رایگەیاند، رۆژی سێشەممە زیاتر لە 50 کەس بەهۆی کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە سەردانی ئەو نەخۆشخانەیەیان کردووە.
غوڵامڕەزا مەنسووری گوتی، 44 کەسیان چارەسەریان بۆ کراوە و چوونەتەوە ماڵەوە و 6 کەسەکەی دیکەیان خەوێنراون.
بەگوتەی سیروس نادری، بەڕێوەبەری کەشناسیی پارێزگای ئیلام، پێشبینی دەکرێت، رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە پلەی گەرما بگاتە 52 پلەی سیلیزی.
سیروس نادری ئەمڕۆ چوارشەممە گوتی، رۆژی سێشەممە پلەی گەرما لە شاری دێلران گەیشتووەتە 51 پلەی سیلیزی و بەو جۆرەش لە پێنج رۆژی رابردوودا ئەو شارە گەرمترین شاری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بووە.
رۆژی سێشەممە 1-8-2023 حکومەتی ئێران رایگەیاند، بۆ پاراستنی تەندروستی خەڵک، رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە پشووی فەرمی دەبێت و سەرجەم دامەزراوە و فەرمانگەکان دادەخرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ