دەرچووانی زانکۆ بۆ دۆزینەوەی کار هەڵەبجە جێدەهێڵن

رووداو دیجیتاڵ

"زۆربەی هاوڕێکانم نە دامەزراون نە کاریان دەستکەوتووە." ئەوە قسەی دەرچوویێکی زانکۆیە لە سلێمانی کە دانیشتووی هەڵەبجەیە. ئەو دەرچووەی زانکۆ تەنیا نییە، بەڵکو زۆربەی ئەو خوێندکارانەی دانیشتووی هەڵەبجەن و زانکۆ تەواو دەکەن، بۆ دەستکەوتنی کار، ناچارن شارەکەیان جێبهێڵن.
 
ئارێز فەرهەنگ تەمەنی 28 ساڵە و دەرچووی زانکۆی سلێمانییە، خوێندنەکەی هەرچەندە چوار ساڵی خایاندووە، بەڵام شەش ساڵە کاری دەستناکەوێت.
 
ئارێز قسە بۆ رووداو دەکات و باسی ئەوە دەکات لە ساڵی 2017ـەوە خوێندنی زانکۆی لە کۆلێژی بنەڕەتی بەشی ئينگليزی تەواو کردووە، دەڵێ "هەوڵێکی زۆر زۆرم دا کە لە شارەکە کارێکم دەستبکەوێت، بەڵام بۆم نەڕەخسا، لە سلێمانی و شارەکانی دیکە کار هەبووە، بەڵام نەمتوانيوە بچم، چونکە شوێنی (دابینکردنی) مانەوە و هاتووچۆ و دوورکەوتنەوە لە ماڵەوە، قورسە."
 
ساڵانە نزیکەی 550 کەس لە زانکۆی هەڵەبجە بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەدەستدەهێنن، کە هەندێکیان خەڵکی پارێزگاکەن. بە گوتەی زانکۆی هەڵەبجە، زیاتر لە نیوەیان دەرفەتی کاریان دەستناکەوێت.
 
نەبوونی هەلی کار لە پارێزگاکە، شەپۆلێکی کۆچی گەنجانی بۆ شار و پارێزگاکانی دیکە دروستکردووە. یەکێک لەو کەسانەی بەر شەپۆلەکە کەوتووە بەڵێن یاسین، دەرچووی بەشی کشتووکاڵە لە زانکۆی هەڵەبجە، کە ئێستا لە سلێمانی کار دەکات.
 
بەڵێن بەمشێوەیە باسی خۆی دەکات "دانيشتووی شاری هەڵەبجە بووم، زانکۆشم لە هەڵەبجە تەواوکردووە، بەهۆی نەبوونی دەرفەتی کار، ناچاربووم هەموو کەسوکارم جێبهێڵم و بێمە سلێمانی، بەهۆی ئەوەی لە هەڵەبجە نەمدەتوانی داهاتی رۆژانەم پەيدابکەم. ئێستا ئيش و کارەکەم لەچاو هەڵەبجە زۆر زۆر باشترە. هەلی کار لە هەڵەبجەدا زۆر کەمە و دەرفەت زۆرکەم دەڕەخسێت، بۆيە گەنجان دەچنە شارەکانی ديکە بۆ دەستکەوتنی کار".
 
بەرپرسێکی نوێترین پارێزگای هەرێمی کوردستان، نایشارێتەوە گەنجان بەهۆی بێکارییەوە چاویان لە شار و وڵاتانی دیکەیە.
 
کاوە شێخ عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێ "لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە هەلی کار کەمە بۆ بژێوی خێزانەکان، بۆيە بەناچاری خێزانەکان بۆ بژێوی ژيان دەچنە شوێنەکانی ديکە و زۆرجار بۆ کارکردن دەچنە دەرەی وڵاتيش، کە ئەمە نەوەک زیانە بۆ هەڵەبجە، بەڵکو بۆ هەرێمی کوردستانيش، چونکە ئەو توانا مرۆييە دەچێتە دەرەوە."
 
بەپێی ئامارێکی رێکخراوی هەڵوێست، کە رێکخراوێکی پارێزگای هەڵەبجەیە، ساڵانە نزیکەی 230 ماڵ لە شاری هەڵەبجەوە بۆ دەرەوەی پارێزگاکە کۆچ دەکەن، سەرەکیترین هۆکاری کۆچیش، نەبوونی هەلی کارە.