وەزیری دارایی عێراق واژۆی ناردنی پارەی بۆ هەرێمی کوردستان کرد

02-08-2023
سەنگەر عەبدولڕەحمان
سەنگەر عەبدولڕەحمان @sangarrudaw
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 
 
د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە رووداوی راگەیاند، وەزیری دارایی واژۆی لەسەر ناردنی بڕە پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان کردووە کە بڕەکەی 598 ملیار دینارە.

بەپێی یاسای بودجە، شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان مانگانە زیاتر لە 900 ملیار دینارە. بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق ئەمڕۆ بە رووداوی راگەیاند، بە وەزارەتی داراییان گوتووە، ئەوان دەیانەوێت ئەو بڕەی دەینێرن، سێ هێندە بکرێت. 

دوێنێ وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئامادەبوونی وەزیری نەوت و وەزیری ئاوەدانکردنەوە و وەزیری دارایی کۆبوونەتەوە و لەو کۆبوونەوەیەدا باسی جێبەجێکردنی یاسای بودجە کراوە. بەنگین رێکانی گوتی: "هەندێک کێشەی تەکنیکی لە ژمارەکان هەیە، لێکتێنەگەیشتنێک لەسەر ئەم بابەتە دروستبووە."

مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی حوزەیران و تەممووزیان وەرنەگرتووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، بەگوێرەی یاسای بودجەی عێراق، لەمەودوا مووچەی هەرێمی هەرێمی کوردستانیش لە ئەستۆی حکومەتی عێراقدا دەبێت.
 
بڕیارە ئەمڕۆ جارێکی دیکە شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ شاندی عێراقی کۆببنەوە. 

وەزیری ئاوەدانکردنەوە، نیشتەجێکردن و شارەوانییەکانی عێراق  دڵنیایی دەداتە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە کێشەی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە بەردەوام نابێت و دەشڵیت، "ئەوە یەکەمجارە هەرێمی کوردستان و عێراق بەم شێوەیە بەیەکەوە کاردەکەن؛ یەک مانگ بکەوێتە سەر سکە، ئیدی دووبارە نابێتەوە".

رۆژی سێشەممە یەکی ئاب، محەممەد شیاع سوودانی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە گوتی، بەشێک لە پشکی هەرێمی کوردستانیان لە بودجەدا ناردووە و ئاماژەی بەوەشکرد، ناردنی پارەکە لە چوارچێوەی یاسای بودجەی گشتیی عێراقدایە.
 
هاوکات باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداودا ئاماژەی بەوە کرد، سوودانی بڕیاری خەرجکردنی پارەکەی داوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی

بۆچى پارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێش سەری ساڵ نەنێردرا؟

نەناردنى ئەو پارەیە پێش کۆتایی ساڵ، پەیوەندیی بە کێشەى نەختینەوە هەبووە لە هەژمارى وەزارەتى دارایی عێراق دا، ئەویش بەهۆى زیادبوونى خەرجییەکانى لەکۆتایی ساڵدا، کە تەنیا خەرجییەکانی مانگى تشرینى یەکەم، بەراورد بە مانگەکانی پێشتر 50% زیادیان کردووە.