لە دهۆک کچێک لە 2019ـەوە هەنگ بەخێو دەکات


رووداو-دهۆک

دەرچوویەکی کۆلێژی ئەندازیاریی کشتوکاڵ لە زانکۆی دهۆک دوای تەواوکردنی خوێندنەکەی بەشداری لە ژمارەیەک کۆرسی راهێنانی بەخێوکردنی هەنگ دەکات و دواتر دەبێتە خاوەنی پیشەیەکی تایبەت بەخۆی. 
 
ئەڤین سەلیم لە ساڵی 2019ـەوە بووەتە خاوەنی پیشەی خۆی و سەرقاڵی بەخێوکردنی هەنگە. 
 
ئەڤین سەلیم دەڵێت، چەندین جۆر هەنگ لە هەرێمی کوردستان هەن کە بەشێکیان بە قاچاخ هاوردە دەکرێن، بەڵام باشترین جۆری هەنگ، هەنگی خۆماڵیی هەرێمی کوردستانە، چونکە بەرهەمی باشتری هەیە لە چاو ئەو مێشانەی کە بە قاچاخ هاوردە دەکرێن. 
 
بە گوتەی ئەڤین سەلیم؛ خۆڵبارینەکانی بەهاری ئەمساڵ کاریگەری لەسەر بەرهەمی هەنگ کردووە، چونکە زۆربەی گوڵەکان بەهۆی خۆڵبارینەکە وشک بوون و بەشێکی زۆری هەنگەکان تووشی نەخۆشی بوون و لەنێوچوون.