بەرگریی شارستانیی دهۆک: 33 رووداوی ئاگرکەوتنەوە بەهۆی بۆردوومانی تورکیا تۆمارکراون


رووداو دیجیتاڵ

لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا ملیۆنێک و 30 هەزار و 873 دۆنم دارستان و پاوان لە هەرێمی کوردستان سووتاون. رێژەی 35%ی ئەو رووبەرە سووتاوە بەهۆی ئەو بۆردوومان و تۆپبارانانەوە بووە کە تورکیا و ئێران لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دەیکەن".
 
هۆکاری سووتانی دارستان و پاوانەکانی هەرێمی کوردستان و زیانە ژینگەییەکانی، ئامادەکاریی لەلایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ رێگریکردن لە رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە و ساڵانە دووبارەبوونەوەیان و توانای تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، لە بڕگەی "گفتوگۆی رۆژانە"ی تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژان ئەبوبەکر پێشکەشی دەکات، بە میوانداری هەریەک لە ئەحمەد محەممەد، گوتەبێژی دەستەی ژینگە لە هەرێمی کوردستان و بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
 
سەبارەت بە کاریگەریی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لەسەر ژینگە، ئەحمەد محەممەد دەڵێت: "هەموو ئەو سووتانانەی کە ساڵانە یاخود بە بەردەوامی بە تایبەتی لە وەرزی هاوین لە مانگەکانی 7-8-9 روودەدەن، کاریگەرییان لەسەر ژینگە هەیە".
 
بە گوتەی ئەحمەد محەممەد، هۆکاری سووتانی ملیۆنێک و 30 هەزار دۆنم دارستان و پاوان لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو "بە نزیکەی یەک لەسەر سێی هەموو ئەو ئاگرانەی کەوتوونەتەوە، هۆکارەکەی بۆردوومانی وڵاتانی دراوسێ بوون".
 
گوتەبێژی دەستەی ژینگە لە هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات "کاتێک کە دارستانەکان دەسووتێن، هۆکارە بۆ ئەوەی رێژەیەکی زۆر لە سەوزایی کەم ببێتەوە، هەروەها هەمەجۆری زیندەوەران کە بێ ماڵ و حاڵ دەبن و بەشێکیان لەنێو دەچن، کە ئێستا بەشێک لە زانایان بە سێکتەری چوارەمی ژینگەی دادەنێن، هەروەها سووتانی دارستانەکان کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما هەیە و رێژەیەکی زۆر لە دووانە ئۆکسیدی کاربۆن و گازە ژەهراوییەکانی دیکە تێکەڵ بە هەوا دەبێت، لە بەرامبەریشدا ئۆکسجین کەمدەبێتەوە".
 
بە بڕوای بێوار عەبدولعەزیز هۆکار زۆرن بۆ رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە، دەڵێت: "زۆر جار هاونیشتمانیان کاتێک گەشتێک دەکەن، ئاگرێک هەڵدەکەن بۆ ئامادەکردنی خواردن، بەڵام کاتێک شوێنەکە جێدەهێڵن لە دوای خۆیان ئاگرەکە ناکوژێننەوە و زۆرجاریش بەهۆی هەڵکردنی باوە ئاگرەکە تەشەنەی سەندووە و بەو هۆیەشەوە رێژەیەکی زۆر دارستان سووتاون، یانیش لە رێگەی تەقاندنی گوللـەی ئەو راوچیانەی بۆ راو روو لە دارستانەکان دەکەن، زۆرجاریش بەهۆی بەریەککەوتنی هێڵەکانی کارەبای سەرەکی بەهۆی باوە، پریشکی ئاگر کەوتووەتە سەر پووش و پاوان، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان فڕێدانی پاشماوەی جگەرەیە چ لە چیاکان بێت و یان لە جامی ئۆتۆمبێلەکانەوە بێت، هەندێک جاریش بە دەستی ئەنقەست رووداوی ئاگرکەوتنەوە روویداوە، لەگەڵ زۆر ئەگەری دیکە".
 
بێوار عەبدولعەزیز ئاماژە بەوە دەدات لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی تەمموز، 1200 رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون، بەشی زۆریان سووتانی پوش و پاوان و داراستانەکان بووە، نزیکەی 33 رووداوی ئاگرکەوتنەوە بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیا بووە کە رووبەرێکی بەرفراوان سووتاوە.
 
لەبارەی توانای تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک دەڵێت: "کاتێک ئاگر لە ناوچە شاخاوییەکان دەکەوێتەوە، تیمەکانی ئێمە ناتوانن بچنە شوێنی رووداوەکە، کاتێک کە تیمەکانی ئێمە بیانەوێت بچنە شوێنی رووداوەکە، ئەو شوێنانەی پەکەکەی لێبێت رێگە بە ئۆتۆمبێلەکانی بەرگریی شارستانی نادەن بچنە شوێنی رووداوەکە، بۆیە ئاگرەکە بەرفراوان دەبێت و لەژێر کۆنترۆڵ دەردەچێت، زۆرجاریش مەترسی لەسەر تیمەکانی ئێمە دروست دەبێت و ئەگەری ئەوە هەیە جارێکی دیکە شوێنەکە لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیا بۆردوومان بکرێتەوە، لە زۆر شوێنیش هێشتا مینە چێندراوەکانی سەردەمی رژێمی پێشوو ماون".
 
بە گوتەی بێوار عەبدولعەزیز دەڵێت، "ئەمساڵ زیاتر لە 50 هەزار دۆنم دارستان و پاوان لە دهۆک سووتان و چەندین گیانلەبەری کێوی لەنێوچوون".