دوو لیوای پێشمەرگە دەگەڕێنەوە ناوچە کێشەلەسەرەکان
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنانەی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقدا کراون لەبارەی پاراستنی ئەمنیەتی ناوچە کێشەلەسەرەکان، دوو لیوای پێشمەرگە دەگەڕێنەوە ئەو ناوچانە.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 2-8-2021 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنانەی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقدا کراون لەبارەی پاراستنی ئەمنیەتی ناوچە کێشەلەسەرەکان، دوو لیوای پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانە و گوتیشی:"سەرەتا دوو لیواکە لەلایەن هاوپەیمانانەوە مەشقیان پێدەکرێت و دواتر لە ئەرکەکانیان دەستبەکار دەبن".
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت گوتی: "چوونی پێشمەرگە بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان، جێبەجێکردنی بەندێکی رێککەوتنەکەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقە".
نوێنەری وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، تەنیا دوو لیوا ناگەڕێنەوە، لە داهاتوودا پێشمەرگە لەو ناوچانەدا زیاتر دەبن و بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە عێراقییەکاندا ئەمنیەتی سنوورەکە دەپارێزن".