بانگەوازێک لە عەلی قازییەوە بۆ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان
رووداو - هەولێر
کوڕی پێشەوا قازی محەممەد بانگەوازێک ئاراستەی سەرۆک و سەرکردایەتیی سەرجەم حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات لەدەوری یەک کۆببنەوە، بۆئەوەی چوارچێوەیەک بۆ کاری هاوبەش پێکبێنن و سیاسەت و گوتاری سیاسی رۆژهەڵات یەکبخەن
عەلی قازی، کوڕی پێشەوا قازی محەممەد، دامەزرێنەر و سەرۆکی کۆماری کوردستان لە نامەیەکدا بۆ سەرۆک و سەرکردایەتیی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت: کوردستان و ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێ و چاوەڕێی گۆڕانکاری نوێ و خێرا دەکرێت، بۆیە ئەو دۆخەی ئێستا لە هەرکات زیاتر پێویستی بە یەکێتی ریزەکانی کورد بەگشتی و هاوکاری و هاودەنگی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان هەیە.
لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، بۆئەوەی لە داهاتوودا ئەو دەرفەتانەی بۆ کوردی رۆژهەڵات دەڕەخسێن لەکیس نەچن و بۆ ئاشتکردنەوەی دڵی خەڵکی کوردستان کە بەهۆی پەرتەوازەیی حیزبەکان بێهیوابوونە، پێویستە حیزبەکانی رۆژهەڵات لەیەک نزیکببنەوە و کاری جددی بۆ پێکهێنانی چوارچێوەیەک بکەن، کە سیاسەت و گوتاری سیاسی رۆژهەڵات یەکبخات.
کوڕی قازی محەممەد سەرکردەی یەکەمی هەموو حیزبەکان بانگهێشت دەکات کۆبوونەوەیەکی هاوبەش ئەنجامبدەن و بڕیار لەسەر ئەو بابەتە بدەن. داواش دەکات تاوەکو 10 رۆژی دیکە حیزبەکان وەڵامی بانگهێشتەکەی بدەنەوە.
دەقی نامەکەی عەلی قازی محەممەد
بەڕێزان: پارت و ڕێکخراوە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
وەک هەموان دەزانن کوردستان و ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێ... گۆڕانکاری نوێ و خێرا چاوەڕێ دەکرێ... ئەو دۆخەی ئێستا لە هەرکات زیاتر پێویستی بە یەکێتی ریزەکانی کورد بەگشتی و هاوکاری و هاودەنگی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان هەیە...... بۆئەوەی لە داهاتوودا ئەو دەرفەتانەی بۆ کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڕەخسێن لەکیس نەدەین و لە لایەکی دیکەوە دڵی خەڵکی ناڕازی کوردستان کە پەرتەوازەیی حیزبەکان ناهومێدی کردوون ئاشت بکەینەوە و بزووتنەوەی کوردی رۆژهەڵات پێشبخرێ و هاودەنگ و یەکگرتووبکرێ.. لێکنزیکبوونەوە و کاری جددی بۆ پێکهێنانی چوارچێوەیەک کە سیاسەت و گوتاری سیاسی رۆژهەڵات یەک و رێکبخات ئەرکێکی هەرە لەپێشی لایەنە سیاسییەکانە.
لەپێناوی ئەو ئامانجەدا بەندەی برای هەموو لایەکتان بانگێشتی بەرپرسانی یەکەم یان بڕیاربەدەستی حیزبەکان دەکەم بۆ کۆبوونەوەیەک لەم مانگەدا لەپێناوی یەکێتی و یەکڕیزی و سەرئەنجام پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
داواکارم لە بەڕێزتان کە تاکو 10/8/2017 وەڵامی بانگهێشتەکەم بدەنەوە .
براتان
عەلی قازی محەمەد "کوڕی رەش"
1/8/2017