تەڤگەری ئازادی: هیچ ئەندامێکی ئێمە لەو ئۆتۆمبێلەدا نەبووە کە لە سلێمانی تەقییەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە گەڕەکی راپەڕینی سلێمانی ئۆتۆمبێلێک تەقییەوە و بەهۆیەوە دوو کەس بریندار بوون. ئاسایش دەڵێت هۆکاری تەقینەوەکە دیار نییە و تەڤگەری ئازادیش بە رووداوی گوت ئەندامی ئەوان لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا نەبوون.
 
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی گوت، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (سێشەممە، 2-7-2024) ئۆتۆمبێلێک گڕی گرتووە و تەنکیی بەنزینەکەی تەقیوەتەوە، چاوەڕێی راپۆرتی لێکۆڵینەوەن لە رووداوەکە.
 
دەنگۆی ئەوە هەبوو لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا دوو ئەندامی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان هەبن. تارا حوسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هیچ ئەندامێکی ئێمە لەو ئۆتۆمبێلەدا نەبووە کە تەقیوەتەوە، هەر دەنگۆیەک لەو بارەیەوە رەتدەکەینەوە." 
 
لە ئۆتۆمبێلەکەدا دوو کەس بریندار بوون، کە تاوەکو ئێستا ناسنامەیان ئاشکرا نەبووە.
 
شایەتحاڵێک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: دوو بریندارەکە بە شێوەزاری کورمانجیی سەروو قسەیان دەکرد، یەکێکیان دەموچاو و ئەوەی دیکەیان قاچ و دەستی بریندار ببوو.
 
پۆلیس و ئاسایش چوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە.
 
دوای رووداوکە دەزگای ئاسایشی هەرێم روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە؛ کاژێر 11:30ـی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ''بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک لە جۆری کیا سپۆرتاج، رەنگی سپی کە تائێستا هۆکاری تەقینەوەکەی نەزانراوە، بووە هۆی برینداربوونی دوو کەس بەسەختی، یەکێکیان شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە و ئەوەی دیکەیان سەرنشین بووە، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری تەقینەوەکە بەردەوامە."