لە هەولێر سێ تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمارکران

02-07-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی هەولێر تۆمارکردنی سێ تووشبووی بە تای خوێنبەربوونی راگەیاند، کە دوو لە تووشبووەکان دانیشتووی شاری هەولێرن و ئەوەی دیکەش دانیشتووی بەغدایە، بەمەش ژمارەی تووشبووان بە تای خوێنبەربوون لەهەرێمی کوردستان گەیشتە حەوت کەس.
 
رۆژی سێشەممە 02-07-2024 بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی هەولێر رایگەیاند، "دوای گومانکردن لەوەی کە سێ کەس تووشی تای خوێنبەربوون بوون، سامپڵەکانیان نێردرا بۆ تاقیگەی ناوەندی لە شاری بەغدا، لە ئەنجامی پشکنینی تاقیگەیی دەرکەوت کە ئەو سێ کەسە تووشی نەخۆشییەکە بوون."
 
بەپێی بەڕێوەبەرایەتییەکە دوو لەو کەسانەی تووشبوون دانیشتووی شاری هەولێرن، یەکێکیان تەمەنی 28 ساڵە و ئەوەی دیکەشیان 32 ساڵ، هەروەها هاووڵاتییە عێراقییەکە کە دانیشتووی شاری بەغدایە و لە هەولێر تووش بووە، تەمەنی 40 ساڵە.
 
بەپێی تەندروستیی هەولێر، هەر سێ نەخۆشەکە لەژێر چاودێری پزیشکدان و تەندروستییان جێگیرە.
 
رۆژی 26ـی مانگی رابردوو، دووەم تووشبوو بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە پارێزگای سلێمانی و چوارەم لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا.
 
لە عێراق ژمارەی تووشبووانی تای خوێنبەربوون لە ئەمساڵدا گەیشتوونەتە 50 کەس، لەنێویاندا شەش کەس گیانیان لەدەستداوە. 18 لەو تووشبووانە لە پارێزگای زیقارن. محەممەد عەزیز مەیاحی، بەڕێوەبەری ڤێترنەریی پارێزگای زیقار بە رووداوی راگەیاند، سێ لەو تووشبووانە لەو پارێزگایە گیانیان لەدەستداوە.
 
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسی هاوبەشە لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا، لە رێگەی گەنەوە بۆ ئاژەڵ بەشێوەیەکی سەرەکی دەگوازرێتەوە. ئاژەڵی ماڵی و کێوی وەک گوێزەرەوەی ڤایرۆسەکە بۆ مرۆڤ دادەنرێن، بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە لە عێراقدا نوێ نییە و سەرەتاکەی بۆ ساڵی 1979 دەگەڕێتەوە.
 
نیشانەکانی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە مرۆڤدا بەپێی پسپۆڕانی بوارەکە ئەمانەن: سەرئێشە و ئازاری مل و سک، سووربوونەوەی چاو و سەر شان و سنگ، سکچوون و رشانەوە کە خوێنبەربوونی لەگەڵ دەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە