لە سلێمانی ئۆتۆمبێلێک تەقییەوە؛ 'بریندار هەن'

رووداو دیجیتاڵ 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لە گەڕەکی راپەڕینی سلێمانی ئۆتۆمبێلێک تەقییەوە. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان برینداری لێکەوتووەتەوە. 
 
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی گوت، ئۆتۆمبێلێک گڕی گرتووە و تەنکیی بەنزینەکەی تەقیوەتەوە و چاوەڕێی راپۆرتی لێکۆڵینەوەن لە رووداوەکە. 
 
لای خۆیەوە، ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە رووداوی گوت: "تیمەکانمان چوونەتە شوێنەکە و ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردووە و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن."
 
شاهێدحاڵێک کە ماڵی لە میران سیتییە، ئەو شوێنەی بەسەر ئەو شەقامە دەڕوانێت کە ئۆتۆمبێلەکە تێیدا تەقییەوە، ڤیدیۆی ئۆتۆمبێلەکەی گرتووە و بۆ رووداوی ناردووە، دەشڵێت: "لە ماڵەوە بووم کە دەنگی تەقینەوەکە هات، زۆر ترسام، پاش کەمێک چوومە دەرەوە و گوتیان خەڵک بریندار بوون، بەڵام من یەک بریندارم بە چاوی خۆم بینی کە بەپێ دەڕۆیشت."
 
 
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە رووداوەکە دوو بریندار هەن و ئاسایش و هێزەئەمنیەکان لێکۆڵینەوە دەکەن.