مەسرور بارزانی: پێویستە رێککەوتننامەی شنگال وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت

02-07-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرەڕای "پیلان و هەوڵی ناحەزان بۆ دابڕاندنی کوردانی ئێزدی لە خەڵکی کوردستان"، ئەوان پێکهاتەیەکی رەسەنی گەلی کوردستانن. گوتیشی "پێویستە کۆتایی بە دۆخی نائاسایی شنگال بهێنرێت و رێککەوتننامەی شنگال وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت."  
 
ئەمڕۆ (سێشەممە، 2-7-2024) بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێوڕەسمی راگەیاندنی بەرنامەی 'پاڵپشتیی دارایی بۆ رزگاربووانی دەستی تیرۆریستانی داعش' بەڕێوەچوو و مەسرور بارزانی گوتارێکی پێشکێش کرد.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی "خوشک و برایانی ئێزدی بەشێکی گرنگ و دانەبڕاوی گەلی کوردستانن و مەراسیمە ئایینییەکانیشیان بە زمانی پاراوی کوردییە، سەرەڕای هەموو پیلان و هەوڵی ناحەزان بۆ دابڕاندنیان لە خەڵکی کوردستان، بەڵام ئەوان هەر لە دێر زەمانەوە پێکهاتەیەکی رەسەنی گەلی کوردستان و بەشێکی گرنگن لەو پێکەوەژیانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی "دوای 10 ساڵ لەم کارەسات و کۆمەڵکوژییەدا، کەچی هێشتا بارودۆخی دەڤەری شنگال ئاسایی نەبووەتەوە و بەهۆی خۆسەپێنیی میلیشیا و گرووپە چەکدارە نایاساییەکانەوە، خوشک و برا ئێزدییەکانمان لە کەمپەکاندا ماونەتەوە و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانیان، بەم هۆیەشەوە تائێستا ناوچەکانیان ئاوەدان نەکراوەتەوە."
 
لە بەشێکی دیکە گوتارەکەیدا مەسرور بارزانی گوتی "پێویستە کۆتایی بە دۆخی نائاسایی شنگال بهێنرێت و رێککەوتننامەی شنگال وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، ئەو میلیشیا و هێزە نایاساییانەی لە ناوچەکەدا هەن، دووربخرێنەوە."

دەقی گوتارەکەی مەسرور بارزانی:
 
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی بەرێز
خوشكانی رزگاربووی دەستی تیرۆریستانی داعش
رۆژتان باش و زۆر بەخێربێن
 
ئەمڕۆ شەرەفمەندین کە رێز لە قوربانیانی رزگاربووی دەستی تیرۆریستانی داعش دەگرین. ئەگەرچی ئەمساڵ یادی 10 ساڵەی روودانی کۆمەڵکوژیی شنگال و دەوروبەری دەکەینەوە، بەڵام بەداخەوە ئێش و ئازار و مەینەتییەکانی خەڵکی ئێزیدی دوای تێپەربوونی 10 ساڵ بە سەر ئەو کارەساتەش، هێشتاش کۆتایی نەهاتووە.
 
ئەمڕۆ لێرە بە رێز و شکۆ و پێزانینێکی زۆرەوە، یادی هەموو قوربانییانی ئەو کۆمەڵکوژییەی دەستی تیرۆریستانی داعش لە خوشک و برایانی ئێزدی دەکەینەوە، هەروەها بە پێزانینێکی زۆرەوە، یادی خۆڕاگری و قارەمانییەتی و قوربانیدانەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش دەکەینەوە، کە بە رێبەرایەتیی جەنابی سەرۆک بارزانی، تیرۆریستانی داعشیان تێکشکاند و شنگالیان رزگار کرد.
دوای 10 ساڵ لەم کارەسات و کۆمەڵکوژییەدا، کەچی هێشتا بارودۆخی دەڤەری شنگال ئاسایی نەبووەتەوە و بەهۆی خۆسەپێنی میلیشیا و گرووپە چەکدارە نایاساییەکانەوە، خوشک و برا ئێزدییەکانمان لە کەمپەکاندا ماونەتەوە و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانیان و بەم هۆیەشەوە تائێستا ناوچەکانیان ئاوەدان نەکراوەتەوە.
 
لەم بۆنەیەدا، پشتیوانیی خۆمان بۆ داخوازییە رەواکانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان دووپات دەکەینەوە و پێویستە کۆتایی بە دۆخی نائاسایی شنگال بهێنرێت و رێککەوتننامەی شنگال وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، ئەو میلیشیا و هێزە نایاساییانەی لە ناوچەکەدا هەن، پێویستە دووربخرێنەوە بۆ ئەوەی بە هاوکاری حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بتوانین دەڤەرەکە ئاوەدان بکەینەوە و دەسەڵاتی ناوچەکەش بگەڕێتەوە دەست خەڵکی رەسەنی شنگال.
 
ئامادەبووانی بەڕێز:
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەنگاوی باشی ناوە بۆ سووککردنی ئازارەکانی کەسوکاری قوربانییانی دەستی تیرۆریستانی داعش، هەروەها رۆڵێکی گرنگ و بەرچاوی هەبووە لە ئازادکردنی ژمارەیەکی زۆری رفێندراوانی ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکە لە دەست تیرۆریستانی داعش و لە هەوڵەکانیشی بەردەوام دەبێت بۆ زانینی چارەنووس و کارکردن بۆ رزگارکردنی هەموو ئەوانەی تائێستا بێسەروشوێنن.
 
هەروەها حکومەتی هەرێم کاریشی کردووە بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش وەک تاوانی جەنگ. بۆ ئەم مەبەستە، بە پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش، داوامان کرد دادگایەکی تایبەتمەند دابمەزرێت بۆ دادگایکردنی تیرۆریستانی داعش لە سەر تاوانە نێودەوڵەتییەکانیان، بەڵام بەداخەوە ئەم هەوڵانە تائێستا لە ئاستی فیدراڵیدا، وەکو پێویست پێشوازی لەم هەنگاوە نەکراوە.
 
دەستخۆشی لە هەموو ئەو وڵاتانە دەکەین، کە تاوانەکانی تیرۆریستانی داعشیان لە دژی کوردانی ئێزدی بە فەرمی بە جێنۆساید ناساندووە. هیوادارین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هاوکار و یارمەتیدەرمان بێت لە کەمکردنەوەی ئێش و ئازارەکانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان بە سەربەرزی و ئازادی.
 
بەڕێزان:
 
قوربانیانی رزگاربووی دەستی داعش، وێڕای ئەو هەموو ئێش و ئازار و نەهامەتییەی رووبەڕوویان بووەوە، بەڵام جێی خۆشحاڵی و شانازییە، کە ئەوان خۆڕاگرانە بەردەوامن لە هەوڵ و کارکردن و کۆڵنەدان لەپێناو درێژەدان بە ژیان و زۆریشیان بوونەتە نموونە و سیمبوولی لێهاتوویی و چیرۆکێکی ئیلهامبەخش لە خۆڕاگری و سەرکەوتن.
 
خۆشحاڵبووم کە مانگی رابردوو، لە ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیانی زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆکـ، خەڵاتی شەرەفی خۆڕاگریم بە یەکێک لە رزگاربووانی دەستی داعش دا کە ئەویش خاتوو شیرین خێرۆ خودێدا بوو کە لە زانکۆی ئەمریکی زۆر بەسەرکەوتوویی خوێندنەکەی تەواو کرد و بڕوانامەی وەرگرت، بەسەرهاتی ئەو خانمە چیرۆکێکی کەموێنەیە، کە سەرەڕای رفاندن و دەستبەسەری بۆ چەند ساڵێک لەلایەن داعشەوە، بەڵام سووربوو لەسەر بەردەوامبوونی لە خوێندن و بوو بە هێما و نیشانەی خۆڕاگری خوشک و برا ئێزیدییەکانمان.
 
خوشک و برایانی ئێزدی، بەشێکی گرنگ و دانەبڕاون لە گەلی کوردستان و رێورەسمە ئایینیەکانیشیان بە زمانی پاراوی کوردییە. سەرەڕای هەموو پیلان و هەوڵی ناحەزان بۆ دابڕاندنیان لە خەڵکی کوردستان، بەڵام ئەوان هەر لە دێرەزەمانەوە پێکهاتەیەکی رەسەنی گەلی کوردستان بوون و هەرواش دەمێننەوە و بەشێکی گرنگ دەبن لەو پێکەوەژیانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە.
ئەم رێزلێنانە بەخشینێکی مانگانەیە بۆ زیاتر لە 3 هەزار خوشکی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش و بێگومان بە باشتربوونی دۆخی دارایی ئاستی هاوکارییەکانمان بۆ ئەم خۆشەویستانە فراوانتر دەبێت. ئێمە هەموو هاوکارییەک پێشکەشی ئەم ئازیزانە دەکەین تاوەکو ژیانێکی شایستەیان هەبێت و بەشێکی بچووک لە برینەکانیان ساڕێژ بکەین، بەتایبەتی لە دۆزینەوەی دەرفەتی کار و درێژەدان بە خوێندن و چارەسەریی پزیشکیان، بەپێی توانا هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکەین.
 
لێرەدا جێی خۆیەتی سوپاسێکی بێپایانی جەنابی سەرۆک بارزانی و پێشمەرگە قارەمانەکان بکەین. دوای ئەوەی کوردستان کەوتە دەست تیرۆریستانی داعش، جەنابی سەرۆک بەڵێنیدا کە هەتا شنگال رزگار نەبێت من واز ناهێنم، بۆیە بڕیاریدا خۆی سەرکردایەتی شەڕی رزگارکردنی شنگال بکات و ئێمەش هەتا شنگال رزگار کرا و گەیشتینە سەر چیای شنگال لە خزمەتی ئەودا بووین کە 100 رۆژی پێچوو.
 
زۆر خەڵك هەوڵیاندا ئەم چیرۆكە بە ئاستێكی نادروست بگێڕدرێتەوە، تەنیا ئەوە بزانن کە ئێزدی و خوشك و برایانی ئێمەی ئێزدی، هەموو كاتێك لە دڵی جەنابی سەرۆكدا بوون و جەنابی سەرۆك لە هەموو كەسێك زیاتر خەمخۆری ئێزدییاندا بووە و ئەو خۆی و هەموو كەسوكار و پێشمەرگەكانی، ئەوەی پێی كرا كردی تاوەكو سەربڵندی و كەرامەتی ئێزدییان بگەڕێنێتەوە و تیرۆریستانی داعش بشكێنێت. جێی خۆیەتی سوپاسێكی گەرمی پێشمەرگە قارەمانەكان بكەین كە چەندین پێشمەرگە گیانی خۆیان كردە قوربانی تاكو شنگالی بندەست رزگار بكرێت.
 
ئەمڕۆ ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی خۆڕاگریی گەلی ئێمەی ئێزدی بكەین، سەرەڕای هەموو ئەو نەهامەتییانە، سەرەرای ئەو هەموو زوڵم و ستەمەی كە بەرامبەر بە ئێوە كراوە، خۆڕاگربوون، نە ناسنامەی خۆتان دۆڕاند، نە هێڤی و ئومێدی خۆتان دۆڕاند.
 
ئینشائەڵڵا خوا ئێوە هەر سەرفراز بكات و كوردستانیش هەر ئاوەدان بێت، خوشك و برایانی ئێمەی ئێزدیش لە ژیانێكی سەربەرز و ئازاددا بژین.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە