پیاوێک لە کەرکووک سەگ گەستی و گیانی لەدەستدا؛ داوا دەکرێت سەگی بێلانە لەنێو شار دووربخرێنەوە

 
رووداو - کەرکووک

دوای تێپەڕبوونی 20 رۆژ بەسەر رووداوی پەلاماردانی پیاوێکی تورکمان لەلایەن ژمارەیەک سەگی بێلانەوە لە گەڕەکی شۆرجەی کەرکووک، ئەو پیاوە گیانی لەدەستدا.
 
حەیدەر ئەڵاوێردی، ئەو پیاوە تورکمانەیە، پێش جەژنی قوربان چووبوو بۆ کڕینی پێداویستیی جەژن لە بازاڕی شۆرجە، بەڵام سەگ پەلاماری دا و گەستی. مانەوەی لەو ماوەیەدا بە برینەکەیەوە، جگە لە ئازاری بەردەوامی، کەسوکارەکەی دەڵێن، "رەفتاریشی نامۆ کردبوو،" پزیشک هۆشداریی پێدابوون برینەکەی ژەهراوی بووە و تەشەنەی کردووە بۆ سەرتاپای جەستەی.
 
حەیدەر ئەڵڵاوێردی تەمەنی 64 ساڵان بوو، خاوەنی کوڕ و کچێکە؛ دوای ئەوەی چەندین نەخۆشخانە و پزیشکیان پێکرد، بەڵام سوودی نەبووە و گیانی لەدەستداوە.
 
محەممەد حەیدەر، کوڕی قوربانییەکە دەڵێت، باوکی چووە مریشکی سەربڕدراو بکڕێت، "گوتی: هەستم کرد پێمی گرت، دواتر پەلاماری دەستمی دا. پاشان مریشکفرۆشەکە رزگاری کردووە. بەڕاستی زۆر پێم سەیرە، من لە کوێ دەژیم؟! گەر وابێت خۆم ئامادە دەکەم بۆ مردن."
 
بەربڵاویی سەگی بێلانە، دیاردەیەکە کە لە کەرکووک خەڵکی هەراسان کردووە. تەنیا لە مانگی رابردوودا پێنج رووداوی پەلاماردانی سەگ بۆسەر خەڵک و بەتایبەت منداڵان تۆمار کراوە.
 
لیژنەکانی قایمقامیەت و شارەوانی هەڵمەتی گواستنەوەی سەگی بێلانەیان دەستپێکردووە بۆ ئەو شەڵتەرەی ماوەیەکی کەمە کراوەتەوە.
 
هاوڕێ زەنگەنە، بەڕێوەبەری ئیدارەی قایمقامیەت دەڵێت، "لیژنەکانیش پێکدێت لە فەرمانگەی ڤێتێرنێری و فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک و شارەوانی و قایمقامیەت، بە شێوازێکی زۆر پڕۆفیشناڵ ئەو کارە جێبەجێ دەکەن، لە رێگەی سڕکردن هەڵدەستن بە گرتنی ئەو سەگە بێلانانە، دواتر دەیگوازنەوە بۆ دەرەوەی شار بۆ شەڵتەرەکە."
 
شەڵتەر یان پەناگەی سەگە بێلانەکان لە سنووری ناحیەی لەیلانە، لیژنەکان لەسەر سکاڵای خەڵک دەچنە گەڕەکەکان بۆ گواستنەوەی ئەو سەگانەی خەڵک هەراسان دەکەن، کە دەگوازرێنەوە شێڵتەرەکەش، رۆژانەش بە نەشتەرگەری سەگەکان دەخەسێندرێن بۆئەوەی زاوزێ نەکەن.