قایمقامی سیدەکان: بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکە 46%ی سنوورەکە لەژێر دەسەڵاتمان نەماوە

02-07-2024
ئەندام جەبار
دیمەنی بۆردوومانی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی سنووری سیدەکان بە بیانووی بوونی پێگەی پەکەکە تێیدا
دیمەنی بۆردوومانی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی سنووری سیدەکان بە بیانووی بوونی پێگەی پەکەکە تێیدا
A+ A-
 
رووداو - سیدەکان

نائارامیی ناوچە سنوورییەکان بەهۆی بۆردوومانی تورکیا بۆسەر پێگەکانی پەکەکە، بەشێک لە خەڵکی، بەتایبەت جووتیاران و ئاژەڵدارانی ناچار کردووە لە شوێنێکی دیکەی خوار کوێستانی کێلەشین بنەو بارگەیان دابنێن.
 
رەسول شەمزین، ئاژەڵدار دەڵێت، "ئەو ناوچانەی ئێمە دەمانویست، ترسی هەیە و ناتوانین بچین، زۆر خێزانی وەکو ئێمە لە دەشتی هەریر و سنووری ئاکرێ ماونەتەوە و لە ناچاری لەوێ دەمێننەوە، ئێمەش لێرەین، ئێرە ترسی نییە."
 
ئاژەڵدارەکان گەرما تەنگی پێ هەڵچنیون؛ ئەو بەرهەمە سپیایەی ساڵانی رابردوو بەرهەمیان دەهێنا، ئەم ساڵ بەهۆی نەگونجاویی شوێنەکەیان ناتوانن بەرهەمی بهێنن و بە دەستی بەتاڵ دەگەڕێنەوە.
 
فەوزیە وەسمان، ئاژەڵدار ئاماژەی بەوە کرد، "لێرە پەنیر خراپ دەبێت و ترش دەبێت، ماست خراپ دەبێت، بەڵام لەو شوێنانەی فێنکن خراپ نابێت."
 
دەیان ئاژەڵدار و جووتیار چوونە قایمقامیەتی قەزای سیدەکان بەمەبەستی دەستبەردارنەبوونیان لە کار و کەسابەتیان، گوێ بە مەترسییەکان نادەن و داوای رێگەپێدان دەکەن.
 
1403 خێزان لە ئاژەڵدار، جووتیار و هەنگەوان پسوولەی رێگەپێدانیان بۆ کراوە تاوەکو بچنە کوێستانەکانی سنوورەکە.
 
کەمال رەسول، جووتیار ئاماژە بەوە دەکات، "لێرە ئاو نییە کەسابەت بکەین، لەو شوێنانەی ئێمە دەمانەویت بۆی بچین، ئاو هەیە و ناچارین بچین، یان دەردەچین یان لەناودەچین."
 
رۆژانە لە بەرازیی و کوێستانەکانی سنوورەکە دەنگی بۆردوومانی تورکیا بۆسەر پێگەکانی پەکەکە دەبیسترێت؛ تادێت دۆخی ئەو ناوچە سنوورییانە بەرەو نائارامیی زیاتر دەچن و پێشڕەویەکانی سوپای تورکیاش بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان زیاتر دەبن.
 
ئیحسان چەلەبی، قایمقامی سیدەکان رایگەیاند، "ئەو شوێنانەی مەترسیدارن، ئاگاداریان دەکەینەوە کە بە هیچ شێوەیەک سەردانی نەکەن، چوونیشیان لەسەر بەرپرسیارێتیی خۆیانە، چونکە دەکەونە دەرەوەی ناوچەی پارێزراو، لە کۆی گشتیی سنووری سیدەکان لە 1617 کیلۆمەتر 46%ی لەژێر دەسەڵاتی ئێمەدا نەماوە، بەهۆی هاتنی تورکیا بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر و شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی نێوان تورکیا و پەکەکە."
 
تیمی رووداو 10 کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزاکە دوورکەوتنەوە و بە ئاراستەی کوێستانەکانی سنوورەکە رۆشتن، لە بازگەکان لەپێناو سەلامەتیی هاونیشتمانییان، هیچ کەسێک بەبێ پسولەی رێگەپێدان دەرباز نابێت.
 
کوێستانەکانی کێلەشین، هۆڕنە، برەشکین، بێرمەسارد و سەقەڕ لە بەپیتترین لەوەڕگاکانی سنوورەکەن و دوو ساڵە ئاژەڵدار، جووتیار و هەنگەوانان بەهۆی شەڕ و نائارامیی نێوان تورکیا و پەکەکە سوودی لێ نابینن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی باوک و کوڕەکە

باوکێکی کورد 3 ساڵە کوڕەکەی لە ئەڵمانیا بێسەروشوێنە: دڵمان خۆش بکەن، خوا دڵتان خۆش بکات

ئەمڕۆژانە یەکێک لەو پەیامانەی بۆ هێڵی گەرمی دیاسپۆرا هاتبوو، لە باوکێکی پەرۆش و نیگەرانی کوردەوە بوو لە شاری تارانی پایتەختی ئێران، کە سێ ساڵە کوڕەکەی لە دیاسپۆرا بێسەروشوێنە