ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا: سەیدۆ خەیری وەکو قایمقامی شنگال هەڵبژێردرا

02-07-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئیرڤان مەهدی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە رووداوی گوت: "سەیدۆ خەیری لەلایەن ئەنجوومەنەوە بە زۆرینەی دەنگ وەکو قایمقامی شنگال هەڵبژێردرا." 
 
رۆژی سێشەممە، 02-07-2024 ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کۆبوونەوە، شەش کەس خۆیان بۆ قایمقامی شنگال بەربژێر کردبوو. بەگوێرەی ئەندامێکی ئەنجوومەنەکە سەیدۆ خەیری بە زۆرینەی دەنگ بووە بە قایمقامی قەزاکە.
 
لەبارەی هەڵبژاردنی سەیدۆ خەیری بە قایمقامی شنگال ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە رووداوی گوت: "ئەوەی بە قایمقامی شنگال هەڵبژێردراوە، نزیکە لە حەشدی شەعبی".
 
کۆبوونەوەکە بەبێ بەشداریی فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو کرا کە پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە خۆدەگرێ و 13 ئەندامیان هەیە، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گۆڕانکاری لە 14 پۆستی کارگێڕی کرد. 
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە دوو ئەندامی لە ئەنجوومەنەکە هەیە، سێ پۆستی لە سنووری پارێزگەکە وەرگرت ئەوانیش پۆستەکانی  قایمقامی مەخموور، بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ و بەرێوەبەری ناحیەی وانکێ.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 29 کورسی پێکدێت کە سێیان کۆتان. پارتی چوار کورسی و یەکێتی دوو کورسی هەیە. 
 
بۆ پڕکردنەوەی بەشێک لە پۆستەکان، وەک قایمقامی شنگال، لیژنەیەکى سێ کەسی لە ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا پێکهێندرابوو بۆ وەرگرتنی ناوی بەربژێران. 8 مەرج بۆ بەربژێرانی وەرگرتنی پۆستەکان دانرابوو کە ئەمانەبوون:  
 
دەبێت عێراقى بێت، تەمەنى 30 ساڵ و زیاتر بێت، بڕوانامەى زانکۆی هەبێت، لە کاتى خۆبەربژێرکردن ئەندامى هێزە چەکدارەکان یان هێزە ئەمنییەکان نەبێت، بە تاوانی نامووس تاوانبار نەبێت، رێوشوێنەکانى ریشەکێشکردنى بەعس نەیگرێتەوە و خزمەتى فەرمی کەمتر لە 10 ساڵ نەبێت.
 
شێخ ئەحمەد عەبد رەبە، ئەندامی فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو کۆبوونەوەکە و گۆڕانکارییە کارگێڕییەکان بە "نایاسایی" وەسف دەکات و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەشداریی کۆبوونەوەکەمان نەکرد و هەڵمانپەسارد، بەهۆی مامەڵەی نایاسایی لایەنی بەرامبەر لە دوورخستنەوە و دانانی سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان."
 
لە ساڵى 2020 رێککەوتنى شنگال لەنێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتی فیدراڵى واژۆ کرا، یەکێک لە خاڵەکانى دیاریکردنى قایمقامێکى نوێ بوو بۆ شنگال کە لە دواى هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرى 2017ـەوە ئەو پۆستە چۆڵە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە