سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی نەمسا باسی چییان کرد؟

02-07-2024
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەلێکساندەر شاڵنبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا دەڵێت، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی بەرەوپێشچوونەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هاوکاریی ئابوورییان تاوتوێکردووە. 
 
دوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان، شاڵنبێرگ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی "خۆشحاڵ بووم بە پێشوازیکردن لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڤیەننا دوای سەردانەکەم بۆ هەولێر."
 
لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکانیش نووسیویەتی، پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پرسی کۆچ و هاریکاریی ئابوورییمان تاوتوێکرد. 
 
ئەلێکساندەر شاڵنبێرگ دەشڵێت، "نەمسا بە سەقامگیریی عێراق، لەوانەش سەقامگیریی هەرێمی کوردستانەوە پابەندە."
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لە ڤیەنناوە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد لەبارەی سەردانەکەی و گوتی، "پەیوەندییەکی زۆر کۆنمان لەگەڵ نەمسا هەیە. کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان لەگەڵ وەزیری دەرەوە و سەرۆککۆمار هەبوو، باسی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانمان کرد."

 

 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، "داوامان کرد کۆنسوڵخانەی نەمسا لە هەولێر بکرێتەوە. تێگەیشتنێکی باش لەنێوان نەمسا و عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە و هیوادارین ئەم پەیوەندییە لە هەموو روویەکەوە بەرەوپێشەوە بڕوات."
 
هەر لەبارەی سەردانەکە و کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی نەمسا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، خۆشحاڵ بووم کە جارێکی دیکە لەگەڵ ئەلێکساندەر شاڵنبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا لە ڤیەننا کۆبوومەوە و پێکەوە لەبارەی هاریکاریی دوو قۆڵی قسەمان کرد.

هەروەها دەڵێت، بیروڕامان لەبارەی رێگەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ نەمسا ئاڵوگۆڕکرد. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە