نێچیرڤان بارزانی: پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا باشە و هەنگاوەکانمان بەرەو چارەسەری کێشەکانە

02-07-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پەیوەندیی بەغدا و هەولێر زۆر باشە و دەبێت هەوڵ بدرێت هەموو کێشەکان چارەسەر بکرێن.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 02-07-2024 دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی نەمسا لە ڤیەننا؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی هەندێك بابەت وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی نەمسا خوازیاری ئەوەن پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی وڵاتەکەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق بەرەو پێش ببەن.

 

دەقی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
 
 
پرسیار: ئەمڕۆ دوو سەردانی گرنگتان هەبوو. گفتوگۆی نێو کۆبوونەوەکان چی بوون، دوای ئەوەی وەزیری دەرەوە بڕیاریدابوو کۆنسووڵخانە لە هەولێر بکەنەوە؟
 
نێچیرڤان بارزانی: پەیوەندییەکی زۆر کۆنمان لەگەڵ نەمسا هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی زۆر کۆن. دوایین جار کە وەزیری دەرەوەی نەمسا سەردانی هەرێمی کوردستان و عێراقی کرد، ئێمەی داوەت کرد بۆ ئەوەی سەردانی نەمسا بکەین. ئێمەش لەسەر ئەو بنچینەیە هاتووین. بۆ ئەوەش کۆبوونەوەیەکی درێژمان لەگەڵ وەزیری دەرەوە هەبوو. ئێستاش لەگەڵ سەرۆککۆمار [کۆبووینەوە]." لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ وەزیری دەرەوە و سەرۆککۆمار باسی بەرەو پێشبردنی پەیوەندی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ [نەمسا] کرا. ئێمە وا هەست دەکەین نەمسا خوازیاری ئەوەیە ئەم پەیوەندییە لە رووی ئابووری، سیاسی و داراییەوە پەرەی پێ بدرێت. بە دڵنیاییەوە ئەوان باڵیۆزخانەیان لە بەغدا کردووەتەوە و ئێمەش داوامان کرد لە هەولێر کۆنسووڵخانە بکرێتەوە. بێگومان باڵیۆزی عێراق چاودێری ئەم بابەتە دەکات. ئەوەی من بینیم تێگەیشتنێکی باشیان هەیە، چی بۆ پەرەپێدانی ئابووری و چی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی سیاسی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ سوپاسی پێشوازی سەرۆککۆمارمان کرد و هیوادارین ئەم پەیوەندییە لە هەموو روویەوەکەوە بەرەو پێش بڕوات.
 
پرسیار: جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان خوازیاری ئەوەن کێشەکانی بەغدا و هەولێر بگەنە چارەسەر. لەم قۆناخەدا پەیوەندی نێوان هەردوولا لە چی ئاستێکدایە؟
 
نێچیرڤان بارزانی: پێم وایە ئێستا پەیوەندی هەرێمی کوردستان و بەغدا لە ئاستێکی باشدایە. ئەوە نییە بڵێم هەموو کێشەکان چارەسەر کراون، بەڵام ئەو سەردانانەی خۆم بۆ بەغدا ئەنجامم داون و ئەوانەشی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا ئەنجامی داون، ئەوانەی شاندەکانی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو لەو چوارچێوەیەدان کە ئێمە بتوانین ئەو کێشانەی هەن چارەسەر بکرێن. ئەوەی من دەیبینم بەغداش هەر بەو شێوەیە هەڵسوکەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات. بەڕاستی بەغداش جیدییە لەوەی کە هەوڵی جیدی بدات ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن. پێشبینی ناکەم ئەم کێشانە هەموویان لە شەو و رۆژێکدا چارەسەر ببن، بەڵام هەنگاوەکانی ئێستای هەردوولامان بەرەو چارەسەری کێشەکانە. ئێمە وەک رۆڵی خۆمان لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی هەن چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە. لە ئەنجامدا ئێمە لەو جوگرافیایەدا دەژین و بەغدا پایتەختی ئێمەشە. دەبێت هەوڵی جیدی بدەین ئەو کێشانەی کە هەن، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە ژیان و گوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە هەیە چارەسەر بکرێن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ورمێ.

پلاندانانی ورمێ: بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان پێویستمان بە 262 ملیۆن دۆلارە

سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی پارێزگاکە کە بەشی زۆریان راگیراون، پێویستیان بە زیاتر لە 262 ملیۆن دۆلارە.