'تەقینەوە' لە کەمپێکی ئاوارەکانی شنگال روویدا: کوژراو و بریندار هەن

رووداو دیجیتاڵ
نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، لەنێو کەمپی خانکێی ئاوەرەکانی شنگال لە پارێزگای دهۆک تەقینەوەیەک روویدا و بەهۆیەوە ژنێک گیانی لەدەستداوە.
حەیدەر دۆسکی، پەیامنێری رووداو گوتی کە هەموو ئاماژەیەک بۆ ئەوە دەچن بۆمبێکی چێندراو تەقیبێتەوە و پیر دەیان، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران لە دهۆک ئەوەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە.
پەیامنێری رووداو دەشڵێت، رێگەنەدراوە بچنە نێو کەمپەکە و دیمەنەکان بگوازنەوە.
حەیدەر دۆسکی دەشڵێت، دوو منداڵی ژنەکەش بریندار بوونە. دەنگی تەقینەوەکەش گەورە بووە و لەلایەن دانیشتووانی دەرەوەی کەمپەکەشەوە بیستراوە.
پێشتر، پیر دەیان، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران لە دهۆک بە رووداوی گوت: "لە ئەنجامی تەقینەوەی جلشۆرێک ژنێکی تەمەن 37 ساڵ گیانی لەدەستداوە".
هێزە ئەمنییەکان چوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە؛ "گومان دەکرێت بۆمبێکی چێندراو بێت."