رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی باڵای تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی رایگەیاند، رۆژانی پشووش تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەمی پۆلی دوانزەی ئامادەیی دەکرێن.
لیژنەی باڵای تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی ئاگادارییەکی لەبارەی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـەوە بڵاوکردەوە: "وەکو لە خشتەی راگەیەندراوی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە فەرمی بڵاوکراوەتەوە ، تاقیکردنەوەکان لە رۆژانی دیاریکراوی خۆیاندا دەکرێن و بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک و رۆژانی پشووش تاقیکردنەوەکان دەکرێن."
بەپێی رۆژژمێری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەم مانگەدا سێ رۆژ پشووی فەرمی دەبێت، ئەوانیش رۆژانی "7، 14 و 16"ـی تەممووز، دوو لەو رۆژانە کە رۆژانی 7 و 14ن یەکشەممەن کە تاقیکردنەوەی خولی یەکەمی تێدا دەکرێت.
بەپێی خشتەی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی، رۆژی یەکشەممە، 7ـی تەممووز بەشی زانستی تاقیکردنەوەی کیمیای هەیە و بەشی وێژەییش ئابووری. رۆژی یەکشەممەی دواتر کە 14ـی تەمموز دەکات، بەشی زانستی تاقیکردنەوەی فیزیا و بەشی وێژەیی تاقیکردنەوەی جوگرافیایان هەیە.
بەپێی رۆژژمێری حکومەت رۆژی 7ـی تەممووز بەبۆنەی سەری ساڵی کۆچییەوە پشووی فەرمییە، هەروەها 14ـی تەممووزیش رۆژی راگەیاندنی دامەزراندنی کۆماری عێراقە، جگە لەوەش رۆژی 16ـی تەمموز رۆژی عاشوورایە پشوو دەبێت.
تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە رۆژی یەکشەممە، 23ـی حوزەیرانی ئەم ساڵەوە دەستیانپێکردووە و تاوەکو رۆژی چوارشەممە 17ـی تەممووز بەردەوام دەبن. بەپێی وەزارەتی پەروەردە 122 هەزار و 15 قوتابی بەشداری تێدا دەکەن و بەسەر دوو هەزار و 115 هۆڵدا دابەشکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ