رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری گەیشتنە وەزارەتی دەرەوەی نەمسا و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە کۆبوونەوە.
لەدوای گەیشتنی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەلێکساندەر شالنبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا پێشوازیی لێکرا و بڕیارە نیوەڕۆخوانێک بۆ شاندی هەرێمی کوردستان رێکبخرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، شاندی یاوەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێکدێت لە: فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان؛ فەلاح مستەفا، راوێژکاری باڵای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان؛ مستەفا رەمەزان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی عێراق لە ڤیەننا.
زنار شینۆ، نێردراوی رووداو لە ڤیەننا گوتی "لە کۆبوونەوەکەدا باسی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و نەمسا دەکەن، ئەمە جگە لە باسکردنی رووداوەکانی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەورووپا."
زنار شینۆ هەروەها دەڵێ "جگە لە تاوتوێکردنی بابەتی سیاسی، پەیوەندیی ئابووریش لەنێوان هەرێمی کوردستان و نەمسا هەیە، کە لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ دەکرێت؛ نەمسا خوازیارە ژمارەی کۆمپانیاکانی لە هەرێمی کوردستان زیاتر بکات."
کۆبوونەوەی دووەمی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هۆڤبۆرگ دەبێت، کە کۆشکی سەرۆکایەتیی نەمسایە و لەوێ لەلایەن ئەلێکساندەر ڤاندەربێلن سەرۆکی ئەو وڵاتە پێشوازیی لێدەکرێت.
ئەلێکساندەر شالنبێرگ کێیە؟
- لە 6ـی دیسێمبەری 2021ـەوە، پۆستی وەزیری دەرەوەی نەمسای وەرگرتووە.
- پێش ئەوە، بۆ ماوەی دوو مانگ، لە 11ـی ئۆکتۆبەر تاوەکو 6ـی دیسێمبەری 2021، راوێژکاری نەمسا بوو، کە باڵاترین پۆستی وڵاتەکەیە.
- لە 6ـی حوزەیرانی 2019 تاوەکو 7ـی کانوونی دووەمی 2020، وەزیری راوێژکاری نەمسا بووە، کە پۆستەکە تایبەتە بە هاوئاهەنگیکردن لە نێوان وەزارەتەکان.
- شالنبێرگ تەمەنی 55 ساڵە.
- لە ساڵی 2020ـەوە سەر بە پارتی گەلی نەمسایە، کە پارتێکی کریستیان دیموکراتە.
- پێش 2020، شالنبێرگ سەربەخۆ بووە.
ساڵی 1996 لە کۆلێژی ئەورووپا لە شاری برووژی بەلجیکا، ماستەری لە بواری یاسای ئەورووپیدا بەدەستێهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ