سەرۆک بارزانی دەچێتە بەغدا

02-07-2024
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
سەنگەر عەبدولرەحمان و هێمن بابان رەحیم 

 

سەرۆک بارزانی سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق و سەرکردەکانی لایەنە سیاسییەکان کۆدەبێتەوە.  
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بڕیارە رۆژی چوارشەممە، 3ـی تەمموزی 2024، سەرۆک بارزانی، سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتەکانی عێراق، لەنێویاندا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە و بەرپرسانی هێز و لایەنە سیاسییەکان کۆببێتەوە.
 
کۆبوونەوەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و کۆتاییهێنانە بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی.
 
سەرچاوەیەک لە بارەگای بارزانی، بە رووداوی گوت سبەی (چوارشەممە)، سەرۆک بارزانی دەچێتە بەغدا.
 
ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ رووداو کردووە، ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد سەردانەکە رۆڵی لە کرانەوەی زیاتری نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت. بەرپرسێکی باڵای هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاساش بە رووداوی گوت "سەردانەکە لە کاتێکی هەستیاردایە، زۆر دۆسیەی نێوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی هەن، دەبێت عێراق و هەرێمی کوردستان خۆیانی بۆ ئامادەبکەن و لەنێوخۆدا خۆمان تۆکمە بکەین."
 
لە کۆبوونەوەکاندا دۆزینەوەی رێگەچارەی پێویست بۆ ژمارەیەک دۆسیە، لەنێویاندا بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، مووچەی مووچەخۆران، یاسای نەوت و گاز، دۆسیەی هەڵبژاردنەکان، پێکنەهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگای کەرکووک و ژمارەیەک پرسی دیکە تاوتوێ دەکرێن.
 
دۆسیەی شنگال و ژمارەیەک بابەتی دیکەش تەوەری گفتوگۆی سەرۆک بارزانی و هێز و لایەنە سیاسییەکان دەبن.
 
بەپێی ئەو سەرچاوانەی رووداو قسەی لەگەڵ کردوون، سەرۆک بارزانی لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردە لەنێویاندا نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر، هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح و ژمارەیەک سەرکردەی دیکە کۆدەبێتەوە.
 
دوایین سەردانی، سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا، رۆژی پێنجشەممە 22ـی 11ـی 2018 بوو، کە بە یاوەریی شاندێك و بە مەبەستی دیدار لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراقی و تاوتوێكردنی پرۆسەی سیاسیی سەردانی بەغدای كرد و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لەلایەن محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەوکاتی پەرلەمانی عێراق و هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و ژمارەیەك لە وەزیر و بەرپرسە سیاسی و ئیداری و ئەمنییەكانی عێراق پێشوازیی لێكرا.
 
لە سەردانەکەیدا سەرۆک بارزانی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی ئەوکاتی عێراق، محەممەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەوکاتی پەرلەمانی عێراق، هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح،  عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە، نووری مالیكی، سەرۆكی دەوڵەتی یاسا، فالح فەیاز، سەرۆكی فراکسیۆنی عەتا، حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر، ساڵح موتڵەگ و ئەندامانی کوتلەی جەبهەی عێراقی بۆ حیواری وەتەنی و چەند لایەنێکی دیکە کۆبووەوە. هەروەها لە نەجەف لەگەڵ موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی نیشتمانی شیعە کۆبووەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ شاندێکی هاوبەشی باڵیۆزانی 8 وڵاتی عەرەبی لە بەغدا

سەرۆک بارزانی بۆ باڵیۆزانی 8 وڵات: کەشێکی نوێ هەیە بۆ چارەسەری کێشەکان

سەرۆک بارزانی لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی، لەگەڵ شاندێکی هاوبەشی هەریەک لە وڵاتانی کوێت، قەتەر، میسر، بەحرێن، عومان، ئەردەن و ئیمارات کۆبووەوە بەگوێرەی بارەگای بارزانی، سەرۆک بارزانی رایگەیاندووە: "بەپێی ئەو کەشە نوێیەی هاتووەتە ئاراوە دەکرێ کێشەکان چارەسەر بکرێن."