لە ئیلام بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە کەسێک بە چەقۆ برای خۆی دەکوژێت

 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە دوو برا لەنێو دووکانەکەیاندا لێیان دەبێتە شەڕ و برا بچووکەکە بە چەقۆ برا گەورەکەی دەکوژێت.
 
رووداوەکە لە دەرەشاری سەر بە پارێزگای ئیلام روویداوە و بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ئیلام دەڵێت، بکوژەکە دوای ئەوەی دەبینێت براکەی گیانی لەدەستداوە، رادەکات و دوای کەمتر لە کاژێرێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر دەکرێت.
 
رۆژی یەکشەممە 2ی تەممووزی 2023 کەرەم حەسەنی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ئیلام بە میدیاکانی راگەیاند، شەوی یەکشەممە هێزەکانمان ئاگادارکرانەوە کە لەنێو دووکانێکدا دوو برا لێیان بووەتە شەڕ و برا بچووکەکە بە چەقۆ برا 28 ساڵانەکەی خۆی کوشتووە و رایکردووە.
 
دوو براکە بەیەکەوە لە دووکانەکەدا کاریان کردووە و بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە لێیان بووەتە دەمەقاڵێ و وەکو بەڕێوەبەری پۆلیسی ئیلام ئاماژەی پێدەدات، "برا بچوکەکە بە چەقۆ پەلاماری برا گەورەکەی دەدات و زیاتر لە چوار چەقۆی لێدەدات کە یەکێکیان بەر دڵی دەکەوێت و دەستبەجێ گیان لەدەستدەدات."
 
کەرەم حەسەنی گوتی، "دوای کەمتر لە کاژێرێک بکوژەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرا، بەگوێرەی دانپێدانانە سەرەتاییەکان کە لە بکوژ وەرگیراوە، شەڕەکە بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە بووە."
 
لە ماوەی دوو هەفتەدا ئەوە دووەم رووداوی کوشتنە لە دەرەشاری پارێزگای ئیلام روودەدات، رۆژی 21-06-2023 بەهۆی کێشەی زەویوزار لەنێوان دوو خێزان، شەڕ لەنێوانیاندا روویدا و لە ئەنجامدا پیاوێکی تەمەن 65 ساڵان کوژرا.