خێرخوازێک لە خانەقین 25 خانوو بۆ خەڵکی کەمدەرامەت دروستدەکات

رووداو - خانەقین

لە خانەقین خێرخوازێک 25 خانوو بۆ ژنانی کەمدەرامەت دروستدەکات و 15ـی بە تیروپشک بەسەریاندا دابەش کردووە. نیدا حەیدەر نیڤشکانە و یەکێکە لەو 15 ژنەی خانوویان وەرگرتووە و دەڵێت "ئیشەڵڵا 15 خێزانی دیکە نەجاتیان دەبێت."
 
نیدا سێ ساڵە لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە و منداڵێکی هەیە؛ پێشتر لە خانووی کرێدا بوو و هیچ سەرچاوەیەکی داهاتیشی بۆ بژێوی نییە، دەڵێت، "زۆر مەمنوون، زۆر خۆشحاڵم، ئیشەڵڵا 15 خێزانی دیکە نەجاتیان دەبێت لە کرێ. سوپاسیان دەکەم و دەستخۆشییان لێدەکەم."
 
عەلی تالبی خێرخواز جگە لەو 15 خانووە کە تەواوی کردوون، سەرقاڵی دروستکردنی 10 خانووی دیکەیە بۆ خەڵکی کەمدەرامەت.
 
عەلی تالب دەڵێت، "بیرم لەوە کردەوە کە بۆچی پڕۆژەیەکی گەورە نەکەین لە دیالە؟ هۆزی دەلۆ زەوییەکیان پێداین، دەستمان کرد بە دروستکردنی پڕۆژەکە، لە خودا بەزیادبێت لە ماوەی نۆ مانگدا 16 خانوومان تەواو کرد و 15ـمان دابەش کردووە، ئێستا 10 خانووی ماوە ئیشەڵڵا لە ماوەی ئەم پێنج بۆ شەش مانگە ئەوانی دیکەش تەواو دەبن."
 
لە نۆ مانگدا خانووەکان دروستکراون و عەلی تالب چاوەڕێی خێرخوازانە بۆ دروستکردنی خانووەکانی دیکە.
 
بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، موسەننا هەژارترین پارێزگایە، بە رێژەی 52% و سلێمانیش کەمترین رێژەی هەژاریی تێدایە کە %4.5ـە، خانەقینیش کە سەر بە پارێزگای دیالەیە، رێژەی هەژاری تێیدا 22.5%ـە.