رووداو - زاخۆ
سەرەڕای چاوەڕوانی بۆ پێشوازی لە زیاتر لە 70 هەزار گەشتیار، بەڵام نزیکەی 50 هەزار گەشتیار لە چوار رۆژی جەژنی قورباندا سەردانی ئیدارەی زاخۆیان کردووە.
رۆزا قۆناخی سەرەتایی بە پلەی زۆر باش تەواو کردووە، لەگەڵ خێزانەکەی چووە هاوینەهەواری دەشتەتەخێ لە سنووری زاخۆ و جلوبەرگی ئاهەنگی دەرچوونیشی لەگەڵ خۆی بردە هاوینەهەوارەکە و لەوێ وێنەی دەرچوونی گرت.
رۆزا محەممەد، گەشتیار دەڵێت، "بەوانم گوت، دەچمە ئەو شوێنە و وێنە دەگرم؛ لەبەر ئەوەی هاوینەهەواریکی زۆر خۆشە و چیا لەوێ هەیە، بۆیە ویستم وێنە لەو شوێنانە بگرم."
بەردەوام گەشتیاران روو لە ناوچە گەشتیارییەکانی زاخۆ دەکەن، لەگەڵ گەیشتنیان هێشتا گەرمای ناوچەکانی خۆیان لەبیر نەکردووە و خۆیان دەهاوێژنە نێو ئاوی شوێنە گەشتیارییەکان بۆ خۆفێنککردنەوە.
دیارترین هاوینەهەواری سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بریتین لە سیلاڤا شەرانشێ، ئەشکەوتی بهێرێ، پەرەخ، دەشتەتەخێ، سیلاڤا سورییا و هەندێک شوێنی دیکەن.
تەنیا ئەمڕۆ زیاتر لە سێ هەزار کەس سەردانی سیلاڤا شەرانشێیان کردووە؛ یەکێک لەوانەش محەممەد و هاوژینەکەیەتی کە دوای رزگارکردنی موسڵ لەدەستی داعش یەکەمجارە دێنە هەرێمی کوردستان و بەداخن کە ئەو ماوە زۆرەی پێشووی تەمەنیان نەهاتوون.
قوتوف فیراس، گەشتیاری خەڵکی موسڵ دەڵێت، "لەدوای رووداوەکانی موسڵ، ئێمە مابووینەوە و دەرنەدەچووین، پاش ئازادبوونی موسڵ بڕیارماندا بێینە هەرێمی کوردستان، ئێرە وەکو گیان وایە، ناتوانین دەستی لێ بەربدەین."
محەممەد جاسم، گەشتیاری خەڵکی موسڵ دەڵێت، "بەڕاستی دیمەنێکی سەرنجڕاکێشە، یەکەمجارە شەرانش دەبینم سەرسام بووین بەو دیمەنانە، بەڕاستی زۆر خۆشن."
بەپێی داتای گەشتوگوزاری زاخۆ، لە چوار رۆژی جەژنی قورباندا نزیکەی 50 هەزار گەشتیار سەردانی زاخۆیان کردووە، هەرچەندە پلانیان دانابوو زیاتر لە 70 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی زاخۆ بکەن؛ بەڵام دوای رووداوەکانی تۆپبارانی پەرەخ، ئەو ئامارانە بە باش دەبینن، کە دووبارە گەشتوگوزاری زاخۆ گەشە بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ