رووداو دیجیتاڵ
خێزانێکی سێ کەسیی کریستیان کە خەڵکی گوندی هێشتن لە دەڤەری رێکان لە سنووری شێلادزێ، بەهۆی راگواستنی گوندەکەیان لە ساڵی 1976، کە نزیکەی 250 خێزانی تێدا بوون، ئێستا لە سەنتەری شێلادزێ نیشتەجێن. ئەوان تەنیا خێزانی کریستیانن کە لە شێلادزێ دەژین.
ئەمیرە میخائیل، هاونیشتمانیی کریستیانی دانیشتووی شێلادزێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رۆژانە دەچینە لای دراوسێکانمان و ئەوان دێنە ئێرە و سەردانمان دەکەن، کە دەچمە بازاڕ هەر وەکو خوشکێک مامەڵەم لەگەڵ دەکەن، دەچینە ئاهەنگەکانیان و بەشداری پرسەکانیشیان دەکەین."
ئەو خێزانە کریستیانە بۆ نوێژ و رێوڕەسمە ئایینییەکانیان دەچنە سەنتەری ناحیەی دێرەلوک کە نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە شێلادزێ دوورە.
ئەپرەم خۆشابا، کریستیانی دانیشتووی شێلادزێ باسی لەوە کرد: "ئێمە خەڵکی گوندی هێشین لە سنووری شێلادزێ، نزیکەی 10 ماڵ لێرە بووین، دۆخی مادیمان زۆر خراپ بوو، زۆرینەیان چوونە دهۆک و ئێمەش لێرە ماینەوە، هەندێک ماڵیش چوونە ئوستراڵیا، هەندێکیش لە دەورووبەری دهۆک دەژین."
ئەپرەم پێشمەرگەی خانەنشینە، زۆرینەی کاتەکانی لەگەڵ هاوڕێ موسڵمانەکانی لە شێلادزێ بەسەر دەبات.
ناجی ئەحمەد، هاوڕێی ئەپرەم باسی لەوە کرد: "کاتێک بۆنەیەکیان بۆ دروست دەبێت، پێش هەموو خەڵک دەچینە لایان، هەروەها ئەوانیش هەر بۆنەیەک یان پرسەیەکمان هەبێت دێن و سەردانمان دەکەن، ئێمە هیچ جیاوازییەک ناکەین و هیچکات هەستمان بەوە نەکردووە کە ئەوە کریستیانە یان موسڵمان."
ئەپرەم و خێزانەکەی، زۆرینەی کاتەکانی ژیانیان لە شێلادزێ بەسەر بردووە، بۆیە وەکو خۆیان دەڵێن، تەواو لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە تێکەڵ بوون و دەیانەوێ لەوێ بمێننەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ