لە سنە بەهۆی وەرگەڕانی تراکتۆرێک سێ ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستدا

02-07-2022
هیدایەت جان
A+ A-

رووداو- هەولێر 

لە سنووری شاری سەوڵاوای پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، تراکتۆرێک وەرگەڕا و بەهۆیەوە سێ ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستدا و دووی دیکە برینداربوون.
 
رۆژی شەممە، 2-7-2022 حەسەن زارعی، قایمقامی سەوڵاوا بە میدیای فەرمیی ئێرانی راگەیاند: "پێنج ئەندامی خێزانێک لە گوندی هەرسین کە بۆ دروێنەکردنی گەنم چووبوونە سەر زەوییەکەیان، لەکاتی گەڕانەوەیاندا تراکتۆرەکەیان وەردەگەڕێت و هەرپێنجیان دەکەونە ژێری".
 
قایمقامی سەوڵاوا گوتی، لەگەڵ وەرگەڕانی تراکتۆرەکە، دەستبەجێ سێ ئەندامی خێزانەکە گیان لەدەستدەدەن کە تەمەنیان 65 ساڵ و 45 ساڵ و 24 ساڵ بووە و، دوو ئەندامەکەی دیکەی ئەو خێزانەش کە تەمەنیان 40 ساڵ و 13 ساڵە، بریندار دەبن. 
 
بە گوتەی حەسەن زارعی، تەرمی سێ ئەندامی خێزانەکە رەوانەی پزیشکی دادی پارێزگای سنە کراوە و دوو بریندارەکەش گوێزراونەتەوە نەخۆشخانەی سنە و دۆخی تەندروستیی یەکێکیان ناجێگیرە.
 
گوندی هەرسین دەکەوێتە سنووری شارۆچکەی بێسارانی سەر بە شاری سەوڵاوا لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەپێی سەرژمێری ساڵی 2016ـی بەڕێوەبەرایەتیی ئاماری ئێران، ژمارەی دانیشتووانی ئەو گوندە 655 کەسە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە