پۆلیسی هەولێر: ئەو کەسەی وەکو پزیشک خۆی ناساندبوو و وێنەی رووتی بە کچان دەنارد، دەستگیرکرا


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، دەستگیرکردنی کەسێکی راگەیاند کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خۆی وەکو پزیشک ناساندووە و داوای وێنەی رووتی لە کچان و ژنان کردووە، پاشان هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەکانیان لە گرووپێکی تەلەگرام لێکردووەن، ئەگەر بێتوو پارەی پێنەدەن.
 
ئەمڕۆ شەممە 02-07-2022، موقەدەم هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "دوای ئەوەی هاووڵاتییەک لە شاری هەولێر ئاگاداری کردینەوە کەوا لەلایەن کەسێکەوە هەڕەشەی لێدەکرێت، ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر تیمێکمان پێکهێنا، دوای بەدواداچوون توانیمان ئەو کەسە دەستنیشان بکەین و ئەو تۆمەتبارە دەستگیر بکەین".
 
بە گوتەی هۆگر عەزیز، ئەو کەسە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەی نەشیاوی ئەو کچانەی لە گرووپێکی تەلەگرام کردبوو، دوای دەستبەسەرداگرتنی هەردوو مۆبایلی تۆمەتبار، دەرکەوت چەندین کچ و ئافرەتی دیکەش لەژێر هەڕەشەدابوون، مەبەستی ئەوەبوو پارە لەو کەسانە وەربگرێت.
 
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاماژە بەوە دەدات پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو تۆمەتبارە کراوەتەوە و بەپێی ماددەی 2ی مۆبایل دەستگیرکراوە، "دڵنیاییش دەدەینە ئەو کەسانەی کە هەڕەشەیان لێکراوە، ئێستا هەموو بەڵگەکان لەژێر دەستی پۆلیسن".
 
هۆگر عەزیز ئاماژە بەوەش دەدات، "ئەو کەسە خەڵکی شاری هەولێرە، خۆی وەکو پزیشکێکی بەناوبانگ ناساندبوو بە سەدرییەی پزیشکی وێنەی خۆی لە سۆشیالمیدیا بڵاو دەکردەوە. لەو رێگەیەوە پەیوەندی لەگەڵ ئەو کەسانە دروست دەکرد کە پەیوەندییان پێوەدەکرد و هەر لەو رێگەیەشەوە پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵیان دەبەست".