رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت لە جێبەجێکردنی چاکسازی دەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، چاکسازی بەشێکی هەرە سەرەکی دەبێت لە کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئاماژە بەوەشدەکات، بە رێکخستنەوەی ئەو داهاتەی کە لە حکومەتی هەرێم هەبووە، داهاتی ناوخۆ دوو ئەوەندە زیادیکردووە".
مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا وەڵامی پرسیاری ژمارەیەک هاونیشتمانی لەبارەی "چاکسازی کەی جێبەجێدەکرێت و بۆچی تا ئێستا جێبەجێنەکراوە؟" رایگەیاند، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی حکومەتەوە "هەنگاوی باش" نران و دوای ئەوەش کە یاسای چاکسازی ئامادەکرا رەوانەی پەرلەمانی کوردستان کرا و رەزامەندی پەرلەمانی لەسەر وەرگیرا، "ئێستا ئەو بەرنامەی چاکسازییە ئامادەیە کە وەک کارنامەی حکومەت بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
لە رۆژی 8ـی حوزەیران، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاند، "ههوڵ دهدهم له ماوهیەکی نزیکدا بە رێگەی ڤیدیۆ وهڵامی ههندێک له پرسیاره باوهكان بدهمهوه". هاونیشتمانیان پرسیاری زۆریان لە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە کە بە گوتەی خۆی زیاتر لە 45 هەزار پرسیاربوونە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی یاسای چاکسازی ئاماژەی بەوەکرد، چاکسازی ئاسان نییە، راستە داواکاری زۆربەی خەڵکی کوردستانە، "بەڵام خەڵکێکیش هەن کە لەوانەیە بەرژەوەندییان هەبێت. دەکرێت ئەوانە رێگری بکەن یان ئاسانکاری نەکەن و هاوکار نەبن بۆ چاکسازی". جێبەجێکردنی یاساکەش "پێویستی بە پشوودرێژی هەیە؛ پێویستی بە ئیرادەیەکی بەهێز هەیە؛ پێویستی بە هەندێک کاتیش هەیە".
مەسروور بارزانی ئاماژە بە هەنگاوەکانی کابینەکەی لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا لە بواری چاکسازییدا دەکات و دەڵێت، زۆر شتیان کردووە. بۆ نموونە، "نەهێشتنی گەندەڵی یان نەهێشتنی دیاردەی بەرتیلوەرگرتن و رەشوەدان بەشێکی سەرەکییە لە بەرنامەی چاکسازی. لە خەرجییەکانی حکومەتیش کاری باشمان کردووە. زۆربەی ئەو خەرجییانەی حکومەت کە پێویست نەبوون، لامانداون، کەممان کردوون".
هەر لەبارەی کارەکانی کابینەی نۆیەم، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەوڵی ئەوەمان داوە کە داهاتی ناوخۆ بە رێژەیەکی بەرچاو زیادبکەین. لەو ماوەیە جیا لەوەی ئێمە سەرچاوەی دیکەی داهات دروستبکەین، هەر بە رێکخستنەوەی ئەو داهاتەی کە لە حکومەتی هەرێم بووە، داهاتی ناوخۆ دوو ئەوەندە زیادیکرد".
ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرەتای مانگی نیسان لە هەرێمی کوردستان بڵاوبووەوە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە وەک ئاستەنگ لەبەردەم بەرەوپێشچوونی کارەکانی کابینەکەی دەبینێت و دەڵێت، "بەداخەوە لەو ماوەیە تووشی چەند قەیرانێکی دیکە بووین، لەوانەش پەتای کۆرۆنا کە کاریگەری گەورەی لەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان هەبوو".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، ئەوان بەردەوام دەبن لەسەر چاکسازی و داوا لە هاونیشتمانیانیش دەکات پشوودرێژبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ