ئاڵا تاڵەبانی لەسەر مانەوەی لە هۆڵی پەرلەمان بۆ رووداو دەدوێت

رووداو-هەولێر

ئاڵا تاڵەبانی رەتیدەكاتەوە مانەوەی ئەو و نەجمەدین كەریم لە دانیشتنەكەی دوێنێی پەرلەمان پێچەوانەی هەڵوێستی فراكسیۆنە كوردییەكان بووبێ و دەڵێ "ئێمە وا رێككەوتین نیسابی یاسایی تێكدەین و كردیشمان".

ئاڵا تاڵەبانی، ئەندامی فراكسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە رووداوەكانی دوێنێی پەرلەمانی عێراق و مانەوەی لەگەڵ نەجمەدین كەریم لە هۆڵی پەرلەمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەو شێوەیە نەبوو كە هەموو كورد بایكۆتی كۆبوونەوەكەی كردبێت و نەجمەدین و ئاڵا لە ژوورەوە دانیشتبێتن، ئێمە هەموو كوتلەكان بڕیارماندا كە رێژەی یاسایی تێكبدەین، ئەمە عورفێكە لە كاری پەرلەمانتاریدا كە لە هەشت ساڵی رابردوودا كردوومانە".

ئاڵا تاڵەبانی روونیكردەوە، بۆ تێكدانی رێژەی یاسایی هەندێك پەرلەمانتار دەچێتە ژوورەوە و هەندێك پەرلەمانتاریش لە دەرەوەی هۆڵی كۆبوونەوەكە دەمێنێتەوە، "ئەوەی دوێنێ بایكۆت نەبوو، بەڵكو تەنها تێكدانی رێژەی یاسایی پەرلەمان بوو، كە ئەگەر بایكۆت بوایە كەسمان نەدەڕۆیشتینە ناو هۆڵی پەرلەمان".

بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارەی كەركووك لە پەرلەمانی عێراق "ئەو بڕیارە لە نێوان كوتلە كوردییەكان دراوە كە گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ ئاگایان لێیە و بڕیارماندا یەك دوو كەس بڕوات بزانێ چی روودەدات لە ژووری كۆبوونەوەكەدا كە بۆ ئاگاداریتان لە پارتیش و لە یەكێتی و لە گۆڕانیش لە ژوورەوە بوون".

ئاڵا تاڵەبانی رەتیكردەوە كە نەجمەدین كەریم گوتبێتی من پەرلەمانتاری كەركووكم و پەرلەمانتاری هەرێمی كوردستان نیم و رایگەیاند "دكتۆر نەجمەدین لەگەڵ كوتلەكانی دیكە هەموومان پێكەوە دانیشتبووین و بڕیاری تێكدانی رێژەی یاسایی پەرلەمانمان دەركرد و هەر لەوێشدا بوو كە بڕیاردرا یەك دوو كەس بڕۆن بۆ ئەوەی بزانن چی روودەدات لە كۆبوونەوەكەدا".

سەبارەت بەو وێنانەی كە بڵاوكراوەتەوە و لەگەڵ نەجمەدین كەریم و مالیكی پێكەوە قسە دەكەن ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی گوتی"لەو وێنەیەدا ئێمە تەنها قسەمان كرد و چاك و چۆنیمان كرد، مالیكی هەواڵی پرسیم و هەواڵی مام جەلالی پرسی و پیرۆزبایی خولی نوێی پەرلەمانی لێكردم، بەڵام نازانم لەگەڵ دكتۆر نەجمەدین چییان بە یەكتر گوت و گوێم لێنەبوو."

لە وەڵامی ئەوەی هەڵوێستی رەسمی پەرلەمانتارانی یەكێتی لە كەركووك چییە، ئاڵا تاڵەبانی گوتی"ئێمە لە چوارچێوەی سیاسەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كاردەكەین و مەكتەبی سیاسی بەلاغێكی دەركرد و باسی كەركووك و مادەی 140 یشی تێدا بووە، كە جەختیان لەوە كردوەتەوە رەنگە تاوەكو ساڵێكی دیكە بوەستین بابزانین ئەم ماددەیە بەپێی رێوشوێنە دەستوورییەكەی یەكلایی دەبێتەوە، ئەگەر نا ئەوكات بەدیلی دیكەمان دەبێت."

لە وەڵامی ئەوەی ئەگەر پەرلەمانی كوردستان چاوەڕێی ساڵێكی دیكەی نەكرد و زووبەزوو بڕیارێكی دیكەی دەركرد، ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی سەوز رایگەیاند "ئێمە وەك یەكێتی ئەو بەلاغەمان بەرامبەر بەغدا گوتووە، بەڵام ئەگەر پەرلەمانی كوردستان بڕیار بدات، ئێمە نوێنەرمان لە پەرلەمانی كوردستان هەیە و ئەگەر پەرلەمانتاری ئێمە هەر بڕیارێكیان دا بە دڵنیاییەوە پابەند دەبین پێیەوە، لەبەر ئەوەی پەرلەمانی كوردستان دەزگایەكی شەرعییە و نوێنەری هەموو خەڵكی كوردستانە."