رووداو دیجیتاڵ
خواردنی کەباب و گۆشتی برژاو و قۆزی بەراورد بە ساڵی رابردوو بۆ نزیکەی نیوە کەمیکردووە. زیاتر برنج و شلەی سادە یان مریشک لە چێشتخانەکان دەخورێت، لەهەر چێشتخانەیەک دەپرسی، دەڵێن، فرۆشیان بە رێژەی 35٪ بۆ 50٪ دابەزیوە.
کامەران محەممەد، خاوەنی یەکێک لە چێشتخانە دیارەکانی سلێمانییە، پێش ئەوەی مووچە دابەش بکرێت رۆژانە بە بەهای نزیکەی 300 هەزار دینار گۆشت دەکڕێت، بەڵام کە مووچە دابەش دەکرێت بۆ 450 هەزار دیناری زیاد دەکات.
باس لە گرانی گۆشت دەکات و دەڵێت: گۆشت گرانە، هەندێک کەس بۆی ناخورێت، بۆ نموونە شیشێک کەباب بە پێنج هەزار دینارە، بەشیشێکیش تێرناخوات، دەبێت بیکاتە دوو، لەم کاتەشدا پارەی پێ نادرێت، بۆیە ناچارە برنج و شلەی سادە بخوات یان لە دەرەوە لەفەیەک بخوات.
وەستا لایەق حەمە، چێشتلێنەری چێشتخانەیەکە، باس لە هەژاری هاونیشتمانییان دەکات، دەڵێت: خەڵک پارەی پێ نییە هەر برنج و شلەیەکی سادەش بخوات، هەندێکجار هەر نایەت نانیش بخوات.
قەیرانی دارایی و ناڕێکی لەکاتی دابەشکردنی مووچە و بەرزی نرخی ئاژەڵ، بەشێکن لە هۆکاری دابەزینی خواست لەسەر گۆشتی سوور.
کیلۆیەک گۆشتی سوور بە نزیکەی 24 هەزار دینارە، بەگوتەی ئاسۆ عومەر، نوێنەری گۆشتفرۆشانی سلێمانی: کیلۆیەک 5 بۆ 6 پارچەیە، هەندێک کەس ناتوانێت بیکڕێت، بۆیە سەربڕینی ئاژەڵ زۆر کەمیکردووە، بەنموونە پێنجشەممە هەبووە نزیکەی دوو هەزار سەر ئاژەڵ بۆ سلێمانی سەربڕدراوە، بەڵام پێنجشەممەی رابردوو 800 بۆ 900 سەر ئاژەڵ سەربڕدراون.
ئەو گۆشتفرۆشە باسی دۆخی چێشتخانەکان دەکات. پێشتر 10 کیلۆ گۆشت بۆ قۆزی و 20 کیلۆ لەبەی بۆ کەباب کڕیوە، بەڵام ئێستا سێ کیلۆ گۆشت بۆ قۆزی و سێ کیلۆ لەبە بۆ کەباب دەکڕێت، "تەنیا بۆئەوەی کە کەسێک لە چێشتخانەکەم داوایکرد نەڵێم نیمە".
ساڵی رابردوو کیلۆیەک گۆشتی بەرخ بە زیندەکێش بە پێنج بۆ شەش هەزار دینار بوو، مەڕ کیلۆی بە چوار هەزار دینار بوو. ئێستا بەرخ کیلۆی بە نۆ هەزار دینارە و مەڕ بە حەوت هەزار بۆ حەوت هەزار و 500 دینارە.
ئاری ئەحمەد، ئاژەڵدار بەراوردی ئێستا بە ساڵی پار و پێرار دەکات، پێشتر رۆژانە نزیکەی 100 کەس دەهات ئاژەڵی بۆ ماڵی خۆی یان بۆ خێر دەکڕی، بەڵام ئێستا رۆژانە 20 کەسیش نایەت.
کەمبوونەوەی خواردنی گۆشت بە ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی دەخەینەڕوو:
سەربڕینی ئاژەڵی مەڕ و بزن و رەشەوڵاخ 45٪ کەمیکردووە، بەجۆرێک لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2023دا، 101500 سەر ئاژەڵ سەربڕدراون. لە هەمان ماوەی ئەمساڵ کەمبووەتەوە بۆ 56200 سەر ئاژەڵ.
هاوردەکردنی گۆشتی بەستووش %10 کەمیکردووە، بەجۆرێک لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2023دا، 126 تۆن هاوردەی سلێمانی کراوە. لە هەمان ماوەی ئەمساڵ کەمبووەتەوە بۆ 113 تۆن.
دکتۆر بورهان عومەر، لێپرسراوی هۆبەی کوشتارگەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی کوشتارگەی سلێمانی دەڵێت: بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی عێراق و هەرێمی کوردستان، سلێمانی هەر لە یەکەمدایە لەڕووی سەربڕینی ئاژەڵەوە.
دابەشکردنی مووچە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر کڕینی گۆشت دەبێت، بە نموونە لەگەڵ راگەیاندنی لیستی مووچەی مانگی چواردا، تەنیا لە ماوەی سێ رۆژدا 16٪ سەربڕینی ئاژەڵ لە کوشتارگەی سلێمانی زیادیکرد.
هەرچەندە حکومەتى هەرێمی کوردستان نزیکەی دوو مانگە بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ رەسمی گومرگی هاوردەکردنی ئاژەڵ دەرکردووە، بەڵام هێشتا نرخەکان لەنێو بازاڕدا بە بەرزی ماونەتەوە، هەربۆیە ئەم نرخە بەرزە بەراورد بە بژێوی ژیانی هاونیشتمانییان ناهاوسەنگە و ناتوانن وەک پێویست گۆشت بکڕن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ