بڕیارە ئەمڕۆ قایمقامی شنگال هەڵبژێردرێت؛ شەش کەس بەربژێرن

02-06-2024
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بڕیارە ئەمڕۆ بۆ هەڵبژاردنی قایمقامی شنگال کۆببێتەوە. سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنەکە بە رووداوی گوت "شەش کەس بەربژێرن". 
 
محەممەد کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی نووڕۆژ بە رووداوی راگەیاند "کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا کاژێر 1ـی پاشنیوەڕۆ دەستپێدەکات. لە کۆبوونەوەکەدا کەسێک وەک قایمقامی شنگال هەڵدەبژێردرێت."  
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا، "هیچ رێککەوتنێک بۆ هەڵبژاردنی بەربژێرێک نەکراوە، بەڵام دەبێت کەسێک هەڵبژێردرێت کە خەڵکی شنگال بێت و شارەکە لەو قەیرانە رزگاربکات کە تێی کەوتووە. ناکرێت چیدیکە شنگال بەوەکالەت بەڕێوەببردرێت." 
 
لە 28ـی  ئادار بۆ 14 ئایار، دەرگەى خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستى قایمقامى شنگال کرایەوە و لەو ماوەیەدا 10 کەس خۆیان بەربژێر کرد؛ شەش کەس مانەوە کە مەرجەکانیان تێدایە، بریتین لە:
 
- کەمال ناسر یوسف
- داود جندی سلێمان
- خدر ئەلیاس شڤان
- سەیدۆ خەیری ئەحمەد
- ئەزدین رەشۆ مەسقەت
- عیدۆ رەشۆ دەواس
 
سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گوتی "ناوێک لەنێو ئەو شەش کەسە هەیە، کە 90٪ ئەگەری دەرچوونی هەیە و کۆدەنگیی لەسەرە."
 
بەڵام رەتیکردەوە ناوەکەی ئاشکرا بکات و ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو شەش بەربژێرە، کوردی ئێزدیی بێلایەنن."  
هەشت مەرج دانراون بۆ بەربژێرى ئەو پۆستە، دیارترینیان ئەوەیە ئەندامى هێزە چەکدارەکان یان هێزە ئەمنییەکان نەبێت، بە تاوانی نامووس تاوانبار نەبێت، رێوشوێنەکانى ریشەکێشکردنى بەعس نەیگرێتەوە و خەڵکى قەزاى شنگال بێت.
 
دیاریکردنى قایمقامێکى نوێ بۆ ئەو قەزایە خاڵێکى رێککەوتنى شنگالە کە ساڵى 2020 لەنێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتی فیدراڵى واژۆ کرا، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە. 
 
جگە لە پۆستی قایمقامی شنگال، رۆژی 30-5-2024 ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا بە نووسراوێک، دەرگای خۆبەربژێرکردنی بۆ پۆستی قایمقامی (تلکێف و تەلەعفەر) و بەڕێوەبەری ناحیەی (رەبیعە، محەلەبیە، باشیک) کردەوە تاوەکو شەشی ئەم مانگە دەرفەت هەیە بۆ وەرگرتنی داواکاریی بەربژێربوون. 
 
محەممەد کاکەیی کە لەسەر لیستی یەکێتی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوایە، رایگەیاند "قەزای تلکێف و ناحیەی باشیک بۆ کورد گرنگن و دەکەونە سنووری ناوچە دابڕێندراوەکان. ئێمە وەکو یەکێتی چاومان لەوەیە پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەی باشیک بەدەستبهێنین."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".