ئەو کچە ئێزدییەی کە نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لێکرد: هەستێکی زۆر خۆشم هەبوو


رووداو دیجیتاڵ

لە ئاهەنگی دەرچوونی خولی شەشەمی زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک، نێچیرڤان بارزانی پیرۆزباییەکی تایبەتی لە کچێکی کوردی ئێزدیی رزگاربووی دەستی داعش کرد. کچەکەش باسی هەستی خۆی بۆ رووداو دەکات و دەڵێت: "هەستێکی زۆر خۆشم هەبوو."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2024، ئاهەنگی دەرچوونی خولی شەشەمی زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک بەڕێوەچوو و یەکێک لە دەرچووانی ئاهەنگەکە، شیرین خودێدا، کچە کوردێکی ئێزدیی رزگاربووی دەستی داعش بوو کە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پیرۆزباییەکی گەرمی لێکرا.
 
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی ئەو کچە ئێزدییەوە گوتی: "ئەوەی زیاتر ئێمە لەم مەراسیمە دڵخۆش دەکات و وا دەکات هەموومان بە ئومێدێکی زیاترەوە لە داهاتوو بڕوانین، نموونەی یەکێک لەو 60 دەرچووانەیە کە ئەمڕۆ بڕوانامە لەم زانکۆ پێشکەوتووە وەردەگرێت، ئەو کچێکی زیرەک و لێهاتووی ئێزدییە. رزگاربووی دەستی داعشە. وێڕای هەموو نەهامەتییەکان، کۆڵی نەداوە و مکوڕ بووە کە هەر دەبێ زانکۆ تەواو بکات."
 
 
شیرین خودێدا، کچە ئێزدییە رزگاربووەکەی دەستی داعش بۆ رووداو باسی هەستی خۆی لەکاتی پیرۆزباییکردنی لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کرد و رایگەیاند، "هەستێکی زۆر خۆشم هەبوو."
 
 
شیرین خودێدا گوتی: "شانازییەک بوو بۆم کە ئەمڕۆ ئەم بڕوانامەیەم وەرگرت، هەستێکی زۆر خۆشە، لەبەرئەوەی رێگەم ئاسان نەبوو، کاتێک دەستم بە خوێندن کرد، زۆر زەحمەتیم بینی، ئەمڕۆ گەیشتوومەتە ئێرە و سوپاس بۆ خودا کە ئەمڕۆ دەرچووم و بڕوانامەم وەرگرت. شتێکی زۆر گەورەیە بۆم."
 
ئەو کچە ئێزدییە باس لەوە دەکات کە ناچار بووە کار بکات و رۆژانە تێکڕا لەنێوان دوو تاوەکو چوار کاژێر وانەکانی بخوێنێت: "هەندێجار لەگەڵ رێکخراوەکان کارم دەکرد، زۆر جاران بە شێوەی خۆبەخش کارم دەکرد لە سەر پرسی ئێزدییەکان، لە سەر پرسی ژنانی ئێزدی کە تائێستاش ژمارەیەکیان لە دەستی داعشدا ماون، بۆیە خوێندن بۆم زەحمەت بوو."
 
شیرین خودێدا هەروەها باسی پلانی داهاتووی کرد و گوتی، تاوەکو ئێستا بیری لە دامەزراندن لە هیچ شوێنێک نەکردووەتەوە و دەیەوێت درێژە بە خوێندنەکەی بدات و ماستەر بخوێنێت.