راپۆرتێک: مانگی رابردوو 8 کۆڵبەر کوژراون

 
رووداو دیجیتاڵ

لە ماوەی مانگێکدا هەشت کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێمی کوردستان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون و پێنجی دیکەش بریندار بوون.
 
رێکخراوی هەنگاو لە راپۆرتێكدا دەڵێت، لە 01-05-2024ەوە تاوەکو 01-06-2024 لانیکەم هەشت کۆڵبەر لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و پێنج کۆڵبەری دیکەش بریندار کراون.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لانیکەم یەکێک لە کۆڵبەرەکان بەناوی ئاریان مامەندی خەڵکی سەردەشتی پارێزگای ورمێ، تەمەنی ژێر 18 ساڵ کەمتر بووە، کە بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی ئێران چاوێکی لەدەستداوە.
 
حەوت کۆڵبەری کوژراو و سێی بریندار دەکەونە سنووری پارێزگای سنە؛ لە پارێزگای کرماشانیش یەک کۆڵبەر بریندار کراوە و لە پارێزگای ورمێش کوژراوێک و بریندارێک هەبووە.
 
بەگوێرەی ئاماری کۆڵبەرنیوزیش، کە بەدواداچوون بۆ دۆخی کۆڵبەران دەکات، لە ساڵی 2023دا 32 کۆڵبەر لە سنووری پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان بە هۆکاری جیاواز وەکو تەقەکردنی هێزە ئەمنییەکانی ئێران، کەوتن لە بەرزاییەوە، تەقینەوەی مین پێیاندا و رەقبوونەوە، گیانیان لەدەستداوە و 267 کۆڵبەریش بریندار بوون.