رێبەر ئەحمەد: هەموو لایەنەکانی عێراق کۆکن لەسەر ئەوەی مووچە بەیەکجاری چارەسەر بکرێت

02-06-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان.
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەموو لایەنەکانی عێراق کۆکن لەسەر ئەوەی پرسی مووچە بەیەکجاری چارەسەر بکرێت. 
 
رۆژی یەکشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2024، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی ئاهەنگی دەرچوونی زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک بە رۆژنامەڤانانی گوت، سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا "سەردانێکی زۆر سەرکەوتوو بوو." 
 
مەسرور بارزانی رۆژی پێنجشەممە، 30ـی ئایار، بە سەردانێکی فەرمیی گەیشتە بەغدا؛ لەگەڵ هەریەکە لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و بەرپرسانی دیکەی حکومی و حیزبی لە بەغدا کۆبووەوە.
 
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە بەغدا "هەموو لایەنەکان کۆک بوون لەسەر ئەوەی بابەتی مووچە بەیەکجاری و بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت، سەرۆکی حکومەت زۆر رژدە لەسەر ئەوەی لە ئاییندەیەکی نزیکدا ئەم بابەتە چارەسەر بکرێت."
 
ئەوە لەکاتێکدایە، بەهۆی نەناردنی پارەوە، تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەشنەکراوە، سەرباری ئەوەی هێشتا مووچەی مانگی نیسانی هێزە ئەمنییەکانیش دابەشنەکراوە.
 
لەبارەی دیاریکردنی پارێزگاری کەرکووکیش، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان گوتی "بە تەئکید" پارێزگاری کەرکووک کورد دەبێت و گوتی کە بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکە لەگەڵ لایەنەکان لە گفتوگۆ دان، لە ئاییندەیەکی نزیکدا پارێزگارێک دیاری دەکەن کە بە دڵی هەمووان بێت. 
 
هەرچەندە لە 18-12-2023ـەوە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک کراوەو ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵبژێردراوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ ناکۆکی سیاسی نێو پێکهاتەکان نەیهێشتووە حکومەتی خۆجێی لەو پارێزگایە پێکبێت و بۆ ئەوەش نەتەوەکان یەکدی بە هۆکاری جیا تۆمەتبار دەکەن.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک 16 کورسیی هەیە، یەکێتی کە زۆرترین کورسی بەدەستهێناوە، خاوەنی پێنج کورسییە و کورسییەکی دیکەی کۆتای کریستیانەکانیش هاوپەیمانێتی، هەروەها پارتی دوو کورسی بەدەستهێناوە، نەتەوەکانی عەرەب شەش کورسی و تورکمانیش دوو کورسییان بەدەستهێناوە و هەموویان داوای پۆستی پارێزگار دەکەن.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە