لە سۆران هێرشی کولـلە هەڕەشە لە بەروبوومی جووتیاران دەکات

03-06-2023
ئەندام جەبار
 کولـلە لەسەر بەروبوومی جووتیاران لە سۆران
کولـلە لەسەر بەروبوومی جووتیاران لە سۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هێرشی کولـلە بۆسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی سنووری سۆران و دەورووبەری، زیانی زۆری لە جووتیاران داوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە جووتیاران بەپەلەن لە چاندنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، بەڵام کولـلە لەناویان دەبات.
 
کەریم حەسەن، جووتیاریکی سنووری سیدەکانە، زەوییەکەی ئامادە دەکات بۆ چاندنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، بەڵام لە ترسی زیانەکانی کولـلە، چاندنەکەی دوادەخات. کەریم حەسەن دەڵێت، "ناتوانین بچێنین لەبەر کولـڵە، ناوێرین بچێنین نە تەماتە و نە هیچ بەرهەمێکی دیکە لەبەر کولـلە، چ نەماوە نەیکەین، چەندی دەکوژین شەش هێندە زیاد دەبنەوە."
 
چوار ساڵە ئەو جۆری کولـلەیە لەو سنوورە پەیدابووە. حەکیم عەبدوڵڵا، شارەزا لە مێرووە زیانبەخشەکان بە رووداوی گوت، "بێگومان ئەو کولـلەیەی ئێستا لە سنوورەکەمان هەیە خۆجێییە، واتا ئەوە نییە لە وڵاتێکەوە یان لە شوێنێکی دیکەوە هاتبێت، ئەو دۆخەی بۆ نەگونجاوە کە سەرمایەکی سەخت بێت یان رشاندنێکی باشی دەرمانی بۆبکرێت کە لەناوبچێت، بۆیە ساڵانە لە زیادبووندایە."
 
زیانەکانی کولـلە لەو سنوورە خێران؛ هەنگاوەکانی حکومەتیش بۆ پێشگرتن بە زیانی زیاتر سستە، جووتیارانی سۆران بۆ کڕینی دەرمانی قڕکەر، چاوەڕێی رەزامەندیی وەزارەتی دارایین.
 
نەبەز رەفعەت، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سۆران بەوەکالەت گوتی، "بۆ کڕینی قڕکەر ئێستا رەزامەندیمان بۆهاتووە، چاوەڕێی پرۆسەی کۆتا رەزامەندیی خەرجکردنین لە بەڕێوەبەرایەتیی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی، بەپێی پێویستیی سنوورەکان و پێویستی و داخوازیی برا جووتیارەکان و بەشێوازێکی باش دابەشی بکەین و رووبەڕووی ئەو بەڵایە ببینەوە."
 
لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی سۆران زیاتر لە 250 هەزار دۆنم زەویی شیاو و بەراو هەن بۆ چاندنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و، ساڵانە نیوەی زیاتری ئەو رێژەیە دەکرێت بە تەماتە وخەیار و بەرهەمەکانی دیکە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە